تۆم باڕاک (Thomas Joseph Barrack) ئەمڕۆ بە نوێنەری گرێبەستەکان (وجه الصفقات) دەناسرێ لە دیپلۆماسیەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دۆخی تایبەتی دارایی خۆیشی بە بەشێکی دانەبڕاوی هێزە سیاسییەکەی دادەنرێت.
تۆم باڕاک (٧٨ ساڵ) لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە ساڵی (٢٠١٦) لە خێزانەکەی جیابۆتەوە، شەش منداڵی هەیە، لە کاتی ئێستاشدا بەپێی هەندێ راپۆرت لە پەیوەندییەکی سۆزداری دایە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسی ناسراو هادلی گامبڵ (Hadley Gamble).
سامانی باڕاک بە نزیکەی (١٫١) ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت، دامەزرێنەری کۆمپانیای (Colony Capital)ـە کە ئێستا بە (DigitalBridge) ناسراوە و یەکێکە لە گەورە وەبەرهێنەرەکانی سامانی دیجیتاڵی و ژێرخانی تاوەرەکانی گەیاندنەکان و ناوەندەکانی داتایە کە بەهاکەی دەگاتە (٨٠) ملیار دۆلار.
لە ڕووی بیناسازیشەوە خاوەن ڤێللایەکی گەورە و کێڵگەیەکی بەخێوکردنی ئەسپ و باخێکی ڕەزی گەورەیە لە سانتا یینز لە کالیفۆڕنیا، پێشتریش خاوەن پشکێکی زۆر بووە لە کێڵگەی نیڤرلاندی مایکڵ جاکسۆن و هۆتێلە جیهانییەکانی ڕافڵز و ڤێرمۆنت.
تۆم باڕاک ئەمڕۆ بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییە سیاسییە جێ مشتومڕەکان دادەنرێت لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتیش دوای ئەوەی لە لایەن دۆناڵد تڕامپی سەرۆکی ئەمریکاوە بە باڵیۆزی واشنتۆن لە تورکیا دانرا و دواتریش ئەرکی نێردەی تایبەتی سەرۆک بۆ سوریا و لوبنان لە (٢٠٢٥) پێ سپێردرا.
تۆم باڕاک وەک باسمانکرد، ملیاردێرێکی بە ڕەچەڵەک لوبنانی ماڕۆنییە، سیاسەتەکانی خۆی هەمیشە لە سەر بنچینەی گرێبەست (صفقات) و پڕاگماتی ئابووری بینا دەکات. باڕاک ڕەخنە لە سایکس-پیکۆ دەگرێ و پێیوایە ئەو سنورانەی هێزە کۆڵۆنیالییەکان ڕایهێشتوون ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پارچە پارچە کردووە و ئاشتی لە نێوان نەتەوەکان بەدینەهێناوە.
نێردە خۆشەویستەکەی تڕامپ هەمیشە لایەنگیری ڕژێمە ناوەندییەکانە، پێیوایە پاشایەتی ڕۆشنگەری (الملكية المستنيرة) یاخود ڕژێمە ناوەندییە بەهێزەکان باشترینن بۆ سەقامگیری ناوچەکە، هاوکات لایەنگری ڕژێمی میللی عوسمانییە، واتە مافی نەتەوەکان تەنیا لە چوارچێوەی خۆبەڕێوەبەرایەتی فەرهەنگی لە ژێر یەک دەسەڵاتی ناوەندیدا لە جیاتی فیدڕاڵی سیاسیدا دەبینێ.
دەربارەی عەرەب، باڕاک پێیوایە سوریا پارچەیەکی ئاشتی ونبووە و هەوڵدەدات لەگەڵ سیستەمی هەرێمایەتی یەکی بخاتەوە. پشتگیری سوریای نوێ دەکات، داکۆکی هەڵگرتنی ئابلۆقە ئابوورییەکانی سەر دیمەشقە و پاڵپشتی ئاوەدانکردنەوەیە، وای دەبینێ کە سەقامگیری ئابووری بەراییەکە بۆ سەقامگیری سیاسی.
دەربارەی کەنداویش، باڕاک پەیوەندییەکی زۆر پتەوی هەیە لەگەڵ میرنشینی یەکگرتوو (ئیماڕات) و شانشینی سعودییە و سیاسەتەکانی خۆیشی لە سوریا و لوبنان هەمیشە وا دادەڕێژی کە شێلگیرانە بێت لەگەڵ ڕوانگەی جەمسەری عەرەبی (ڕیاز-ئەبوزەبی) بۆ بەرتەسککردنەوەی هەژموونی ئێرانی. هاوکات باڕاک داکۆکیکارێکی بەهێزی ڕێککەوتنی دەستدرێژی نەکردنە (اتفاق عدم اعتداء) لە نێوان ئیسڕائیل و سوریا و پێداگرە کە دەبێ دیمەشق بەشێک بێت لە ڕێککەوتنی ئیبڕاهیمی بەرفراوان.
دەربارەی کورد و ڕۆژئاوا (هەسەدە)، نێردەی تڕامپ دژی سەربەخۆیی سیاسیی کوردە، ئەمەش خاڵێکی هەرە کاریگەر و جێی مشتومڕی بەردەوامە. باڕاک بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ فیدڕاڵی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاندووە، پێیوایە ئەو سیستەمە لە ناوچەکەدا سەرکەوتوو نابێت و وای دەبینێ کە جۆرێکە لە دەوڵەت لەناو دەوڵەت، هەر بۆیە سەرسەختانە گوشار و کار دەکات بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سوپای نوێی سوریای سەر بە حکومەتی راهگوزەری شەرع (جۆلانی). دژی ئەوەیە هیچ هێزێکی سەربازی سەربەخۆ هەبێت لەسەر بنچینەی نژادی.
بەهۆی پێگەکەیەوە وەک باڵیۆز، باڕاک وای نیشان دەدات کە لە خواستەکانی تورکیا باش تێدەگات، بەو هۆیەشەوە لە هەندێ لێدوانیدا هەسەدەی بە درێژکراوەی پێکاکا ناساندووە، بۆیە کورد وەک لایەنگرێکی تورکیا سەیری دەکەن.
باڕاک بەشێوەیەکی گشتی لایەنگری پڕۆژەی دەوڵەتی ناوەندی و سەقامگیری هەرێمییە لەسەر حسابی خواستی نەتەوەکانی دیکەی وەک کورد کە داوای مافی خۆیبوون دەکەن لە دەرەوەی دەسەڵاتی ناوەندی نەتەوە سەردەستەکانی وەک تورک و عەرەب و فارس.
وەک باسیشمان کرد لایەنگری تورکیا و کەنداوە لە بوارەکانی ئاساییش و سەروەری، کار دەکات بۆ سەرخستنی بەرژەوەندی دەوڵەتە گەورەکانی ناوچەکە (تورکیا، سعودیە، ئیماڕات) بۆ مسۆگەرکردنی سەرهەڵنەدانی ئاژاوە (بە تێڕوانینی خۆی!). هاوکات دژی هەژموونی ئێرانە لە ناوچەکە، بە تایبەتیش حزب الله لە لوبنان، بەردەوامیش کار و چالاکییە دیپلۆماسیی و ئابوورییەکانی خۆی دەخاتە خزمەت هەوڵەکانی بەرتەسککردنەوەی ئەو هەژموونە.
لەکاتی ئێستادا تۆم باڕاک وەک ئەندازیاری پاکس ئەمەریکانا (Pax Americana) یاخود ئاشتی ئەمریکی نوێ لە ڕۆژهەڵات تەماشا دەکرێ، پشت بە سامان و دارایی و بازرگانی و ڕژێمە ناوەندییە بەهێزەکان دەبەستێت، هەر بۆیە وەک هاوپەیمانێکی بەردەوامی حکومەتە سەردەستەکان و دژ بە بزووتنەوە سەرخۆبوونەکان و فیدڕاڵییەکان ماوەتەوە. واتە کار دەکات بۆ تواندنەوەی قەوارە نەتەوەییەکانی دیفاکتۆ لە چوارچێوەی حکومەتە ناوەندییەکان (ئەنقەڕە، دیمەشق) و ڕوانینێکی جیاوازی لەگەڵ جەنەڕاڵە سەربازییەکانی پێنتاگۆن و سەنتکۆم هەیە لەڕووی هەڵسەنگاندنی مەیدانی بۆ گرفتە سەربازی و ئەمنییەکان، چونکە باڵی سەربازی ئەمریکی پێیوایە هەسەدە هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراوە کە شەڕێکی هاوبەشیان دژ بە داعش و تێرۆریزم کردووە، بەڵام باڕاک لە گۆشەی جیۆپۆلەتیک و ئابوورییەوە دیمەن و وێنە گەورەکەی ناوچەکە دەبینێ بێ ئەوەی خواستە نەتەوەییەکان لەبەرچاو بگرێ.
سەرکەوتن یاخود شکستهێنانی باڕاک بێگومان پەیوەستە بە هەڵوێستی کورد و یەکگرتوویی بڕیار و گوتاری سیاسییانەوە، چونکە باڕاک پاڵپشتییەکی بەهێزی سەرۆکی ئەمریکا تڕامپ و وەزیری دەرەوە ماڕکۆ ڕۆبیۆ هەیە، بەڵام ئەو پاڵپەشتییە دواجار پەیوەستە بە ئاستی نواندن و ڕاگرتنی شەپۆلەکانی توند و تیژی لە ناوچەکەدا. نابێت ئەوەش لەبیر بکرێ کە مستەر تۆم دژ بە شەپۆلێکی بەهێزی جەنەڕاڵەکانی پێنتاگۆن و سێنکۆم (CENTCOM) وەستاوەتەوە کە وای دەبینن نەمان یاخود لاوازبوونی هەسەدە بە واتای گەڕانەوەی داعش و تێرۆریزمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەر توندئاژۆیەکی سیاسییانە بەرامبەر بە کورد بۆی هەیە هاوکێشەکە سەراوژێر ببێ و کورد دەست بۆ مۆسکۆ درێژ بکەن و لە ئەنجامدا ئەمریکا یەکێک لە بەهێزترین و باوەڕدارترین هاوپەیمانەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەست دەدات.
