لە پێشهاتێکی سیاسی نوێدا، حکومەتی کاتیی ڤەنزوێلا دەستی کرد بە ئازادکردنی ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ئەمریکی کە لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا بوون. ئەم هەنگاوە دوای گۆڕانکارییە خێراکانی دەسەڵات و لادانی نیکۆلاس مادۆرۆ دێت لەلایەن واشنتۆنەوە.
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنییە لەلایەن دەسەڵاتی کاتیی ڤەنزوێلاوە. هەرچەندە ژمارەی تەواوی ئازادکراوەکان ڕانەگەیەندراوە، بەڵام جەخت کراوەتەوە کە پڕۆسەکە دەستی پێکردووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشوازی لەم دەستپێشخەرییەی دێلسی ڕۆدریگێز (سەرۆکی بەوەکالەتی ئێستا) کرد و ڕایگەیاند کە لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا، واشنتۆن بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی قۆناغی دووەمی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە داوە.
هاوکات دوای زیاتر لە ساڵێک لە بلۆککردن، جارێکی تر پلاتفۆرمی «X» (تویتەری پێشوو) لەناو خاکی ڤەنزوێلا بەردەست بووەوە. دێلسی ڕۆدریگێز و دیۆسدادۆ کابێیۆ (وەزیری ناوخۆ) یەکەمین پەیامەکانی خۆیان لە ڕێگەی ئەم پلاتفۆرمەوە بڵاوکردەوە و داوای سەقامگیری و دادپەروەرییان کرد.
کاردانەوەکان؛ پۆستە نوێیەکانی بەرپرسانی ڤەنزوێلا کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە؛ لە کاتێکدا لایەنگرانی مادۆرۆ هیوای گەڕانەوەی بۆ دەخوازن، نەیارانی دەسەڵاتیش هەڕەشەی دەستگیرکردن لە بەرپرسانی تری پێشووی حکومەت دەکەن.
جێی ئاماژەیە، مادۆرۆ لە 3ی کانوونی دووەمی ڕابردوو لەلایەن ئەمریکاوە دەستگیرکرا، ئەوەش دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی 2024دا بە تۆمەتی ساختەکاری ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی توند ببووەوە.
