Apora Logo

جوانگۆیی دكتۆر جەمال نەبەزو دوبارە بوونەوەی مێژوو

جوانگۆیی دكتۆر جەمال نەبەزو دوبارە بوونەوەی مێژوو
لەتیف فاتح فەرەجلەتیف فاتح فەرەج

لەتیف فاتیح

14/1/2026


لە كاتێكا ئێمە هەموومان لە خەمی رۆژئاواو رۆژهەڵات و هەموو بستە خاكێكی ئەو نیشتمانە داگیرو دابەشكراوەی خۆمانداین ،لە كاتێكا كچە بە ڕومەت و ڕووسورەكانمان لە بری ماڵە باجێنە ناچاردەبن چەك هەڵبگرن بۆ پاراستنی شەرەف و كەرامەتیان لە تاریكیپەرستەكانی بیابان و دوای شەهید بوونیش لاشەكەیان ئازار دەدرێت ، لەو كاتەدا هەموو دەست لە سەر دڵین كە جاش و خائین و خۆ فرۆش لە ناومان ببڕێت ، خۆمان تەنیاو بێكەس دەبینین ، دوژمنەكانمان هەموو كارێك بۆ لەناودانمان دەكەن ، تەنانەت ئەوانەش كە سور بە سور دەزانن ئەوان خاك و نیشتمان و زمان و هونەرو جوانی ئێمەیان داگیر كردوە، نمونەی ئەحمەد داود ئۆغڵو كە گوایە خوێنەوارەكەیانە، دێت هەڕەشە دەكات و ئەو بەسێ‌ هۆزات و ئازایخوازان تاوانبار دەكات ، لەو كاتەدا لە نێو ئەو هەموو خەمەدا سەرقاڵی خوێندنەوەی كتێبێكی تازە چاپكراوی دكتۆر جەمال نەبەز بووم " الابجدیە الكوردیە اللاتینیەبین دعاتها ومعارزها "ئەم كتێبە ساڵی 2025 چاپكراوەو بریتیە لە كۆمەڵێك وتاری دكتۆر كە كاتی خۆی بە عەرەبی لە ڕۆژنامەی دەنگی كورد بڵاو كراوەتەوە.


وتاری زنجیرە دوازدە توشی شۆكی كردم كە لە سەر كوردانی رۆژئاوایە ،دەڵێی مێژوو دووبارە دەبێتەوە، كتێبەكە داكۆكیە لەكوردو زمان و ڕێنووسی كوردی لەو بەشەدا باسی كوردانی ڕۆژئاوا دەكات ، باسی هەڵوێستی كوردان دەكات لە پشتگیری و بەتەنگەوە هاتنی عەرەب لە كێشەی ئەسكەندەرونە، ئەو دەنوسێت كورد داكۆكیان لە عەرەب كردو بە دوای مافی خۆیانەوە نەچوون ، وەك چۆن شێخ مەحمودی حەفیدیش لێرەوە بۆ داكۆكی لە عەرەب چووە شوعەیبەو دواتریش عەرەب بە كیمیا باران و ئەنفال چاكەی نەوەكانی شێخیان دایەوە،لە سوریاش دوای دەركردنی فەڕەنسیەكان كە لانی كەم هەندێك مافی خوێندن و گۆرانی و نوسینیان بە كورد دابوو ، عەرەب نەك هەر ئەوانەشیان نەهێشت تەنانەت ناسنامەشیان لە كورد سەندو كەوتنە عەرەباندنی وڵاتەكە ، ئەو عەرەبانەی ئێستا دەیانەوێ‌ كورد لە زۆر شوێن دەربكەن ، باپیرانی كورد شەرەف و ناموسی ئەوانیان پاراست ، ناوی گوند و شاری كوردەكانیان كردە عەرەبی، ئەمە گێڕانەوەی دكتۆر جەمال نەبەزە .


ئەو دەڵێت تەنانەت قەدەغە كرا ناوی مناڵ بە كوردی بنرێت هەروەها باسی بیر فاشیزمێكی وەك زەكی ئارسۆزی دەكات كە كتێبێكی نووسیوە بە ناویكێشەی نەتەوەكەمان و هەڵوێستی حزبەكان ، هەڵبەت كتێبەكە عەرەبیە، جا ئەم زەكیە بە چیرۆكێك دەست پێدەكات كە من چیرۆكەكەی ناگێڕمەوە بەڵام دیارە زۆر دژی زمان و نووسینی كوردیەو دەیەوێت بونەوەرێك نەمێنێ‌ لە سوریا بە ناوی كورد ، لە كاتێكا سوریا قەرزاری هەرە گەورەی كوردن لە سەلاحەدینەوە تا تارو ماری داعش ،خۆش ئەوەیە ئەم فاشیە نوسیویەتی فەڕەنسا كوردیان هێناوە بۆ سوریا.


من دوا قسەم گرێدەدەم بە ڕوداوەكانی ئەم دوایەی ئەشرەفیەو شێخ مەقسودە وە كە نازانم كوێی تری بە دوادا دێت ، دەمەوێت پرسیارلەو مەلاو خاوەن مێزەرو خوێنەوارو نەخوێنەوارە كوردانە بكەم ، كە لە بری ئەوەی ڕووی دەم و ڕەخنەیان لە ستەمكارو داگیر كەربێت ، تیر ئاراستەی سینگی كورد دەكەن و بۆ ئەمەش هەمیشە بیانوو بە دەستن ، ئەرێ‌ سەت ساڵە ئەوانەی ئێمە كوشت و بڕدەكەن ، فەڕەنساو ئەمەریكاو ئیرائیل و بەریتانیان یان تورك و فارس و عەرەب؟ پرسیارێكی زۆر سادەیەو دەكرێت زۆر سادەش وەڵام بدرێتەوە ، ئایە ئەوەی جاش سوری و هەرچی و پەرچی جاش تورك و ئیگۆرو ڕیش بزنی بە ناو سوپا لە حەلەب دەرهەق كورد كردیان لە كوێی قورئان و فەرمودەی پەیامبەردا ڕێی پێدراوە ؟، كورد شایانی ئەو ستەمەیە ؟.



;