ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆشکی سپی میوانداری کۆبوونەوەیەکی دیپلۆماسی چارەنووسساز دەکات سەبارەت بە داهاتووی دوورگەی گرینلاند. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دوورگە ستراتیژییەی جەمسەری باکوور، کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە
کۆبوونەوەکە لەسەر داوای بەرپرسانی دانیمارک و گرینلاند ڕێکخراوە و تێیدا هەریەکە لە:
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا (مارکۆ ڕووبیۆ).
وەزیری دەرەوەی دانیمارک.
وەزیری دەرەوەی گرینلاند بەشدارن.
ئەوروپا لە دڵەڕاوکێدایە
هەوڵەکانی ترەمپ تەنها گرینلاندی نەیەکخستووە، بەڵکو ترس و دڵەڕاوکێی لای وڵاتانی تری ئەوروپا دروست کردووە، لەم بارەیەوە بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا هۆشداری دا کە ئەم هەنگاوە "بێوێنەیە" و هەڕەشەیە بۆ سەر یەکپارچەیی هاوپەیمانی ناتۆ.
هەروەها حکومەتی سوید دەترسێت دوای گرینلاند نۆرەی ئەو بێت، بەهۆی دەوڵەمەندیی وڵاتەکە بە سەرچاوە سروشتییەکان. حکومەتی سوید جەختی کردووەتەوە کە دەبێت خاوەندارییەتی سامانەکان بە سەروەریی بمێنێتەوە.
ململانێی زلهێزەکان؛ ڕووسیا و چین لە هاوکێشەکەدا
ترەمپ پاساوی ئەم هەنگاوەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "ئەگەر ئەمریکا گرینلاند نەبات، ڕەنگە ڕووسیا یان چین دەستی بەسەردا بگرن".
لە بەرامبەردا، دیمیتری مەدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا، بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە و هۆشدارئامێز وتی:" ئەگەر ترەمپ پەلە نەکات، ڕەنگە دانیشتوانی گرینلاند خۆیان دەنگ بدەن بە ڕووسیا".
