عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند کە ناڕەزایەتییەکانی بازرگانان کە لە 28ی کانوونی یەکەمەوە دەستی پێکردووە، "هێمنانە و شەرعی" بوون، بەڵام خۆپیشاندانەکان بەرەو توندوتیژی ڕۆیشتن. ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران "بە هێمنی" مامەڵەیان لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتییانەدا کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران زانیاری زیاتری خستە ڕوو و وتی: حکومەتی ئێران دەستبەجێ دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و گوێی لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران گرتووە.
هەروەها ئاشکرای کرد کە حکومەت "بەڵگەی لەبەردەستدایە سەبارەت بە تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکان، بە مەبەستی زیادکردنی ژمارەی قوربانییەکان".
عێراقچی ڕوونی کردەوە کە "زۆربەی ئەوانەی لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە، لە پشتەوە تەقەیان لێکراوە"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە دەزگا ئەمنییەکان ئەو لایەنە نین کە تەقەیان لێ کردوون. وتیشی: "تیرۆریستان" خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانیان کردووەتە ئامانج.
لە کاتێکدا وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە "ئێستا دۆخی ئێران لەژێر کۆنترۆڵی تەواودایە"، جەختیشی کردەوە کە "توندوتیژییەکان لە سەرەتای هەفتەدا پەرەیان سەندبوو". هەروەها وتی کە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە ئێران بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە ئەمنییەکان دەست پێ دەکاتەوە.
جەنگ و گفتوگۆ
وەزیری دەرەوەی ئێران دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد و وتی: "لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان، دەستوەردان بوو لە کاروباری ناوخۆییمان".
عێراقچی وتیشی: لەو کاتەوەی ترەمپ هەڕەشەی دەستوەردانی کردووە، "ناڕەزایەتییەکانی ئێران گۆڕاون بۆ توندوتیژی خوێناوی بۆ پاساودانی دەستوەردانەکان".
وەزیری دەرەوەی ئێران، لەوەی کە وەک وەڵامێک بۆ لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە گرتنەبەری ڕێکاری زۆر توند دژی ئێران دەردەکەوت، ڕایگەیاند کە تاران "ئامادەیە بۆ جەنگ و هەروەها بۆ گفتوگۆش".
ڕۆژی دووشەممە، ترەمپ ڕایگەیاند کە تاران داوای دانوستانی لەگەڵ واشنتن کردووە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەک لەو بارەیەوە دەکرێت، بەڵام ئەگەری هەنگاونانی پێشوەختەی بەدوور نەزانیبوو.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتاییدا وتی: "بەڵگەنامەمان لەسەر دەستوەردانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا لەبەردەستە".
