Apora Logo

ئێران لەسەر لێواری گۆڕانکاری؛ بۆچی خۆپیشاندانەکانی ئەمساڵ بێوێنەن؟

ئێران لەسەر لێواری گۆڕانکاری؛ بۆچی خۆپیشاندانەکانی ئەمساڵ بێوێنەن؟

ئاپۆڕانیوز - بەشی ڕاپۆرت

12/1/2026

بەپێی گوتەی زۆرێک لە شارەزایان و شایەتحاڵان، خۆپیشاندانی ئەم جارەی هاوڵاتیانی ئێران دژی حکومەت، گەیشتوونەتە قۆناغێک کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە مێژووی 47 ساڵەی خۆیدا بەخۆیەوە نەدیوە.


لەگەڵ ڕژانی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان لە شارە جیاجیاکانی وڵاتدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئێران خۆپیشاندەران "سەرکوت" بکەن، ئەوا "بە توندی لە شوێنە پڕئازارەکان دەوەشێنێت"، جەختیشی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "لەوپەڕی ئامادەییدایە بۆ یارمەتیدان".


لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەیان کردووە لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر هاوپەیمانان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.


کەواتە، چی وایکردووە ئەم خۆپیشاندانانە و کاردانەوەی حکومەتی ئێران بۆ ڕاپەڕینەکان جیاواز بن لە خۆپیشاندانەکانی پێشووی وڵاتەکە؟


"مەودای فراوان"

شارەزایان پێیان وایە قەبارە و بڵاوبوونەوەی خۆپیشاندانەکانی ئەمساڵ بێوێنەیە.

ئیلی خۆرسەندفەر، توێژەری کۆمەڵناسی دەڵێت: لە کاتێکدا خۆپیشاندان لە شارە گەورەکانی ئێراندا بەڕێوەچوو، بەڵام بۆ شارۆچکە بچووکەکانیش درێژبووەتەوە کە "ڕەنگە زۆر کەس پێشتر ناویانی نەیبیستبێت".


ئێران پێشتر شایەدی خۆپیشاندانی گەورە بووە. ئەوەی پێی دەگوترا "بزووتنەوەی سەوز" لە ساڵی 2009دا ڕێبەرایەتی خۆپیشاندانەکانی چینی ناوەڕاستی کرد دژی ئەوەی گوایە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا کراوە. سەرەڕای گەورەیی قەبارەکەی، بەڵام لە شارە گەورەکاندا چڕببووەوە.


خۆپیشاندانە گەورەکانی دیکەی ساڵانی 2017 و 2019ش تەنها لە ناوچە هەژارنشینەکاندا بوون.


نزیکترین خۆپیشاندان لەوەی ئێستا ڕوودەدات، ئەو خۆپیشاندانانە بوون کە لە ساڵی 2022دا بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا (مەهسا) ئەمینی (22ساڵ) لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا سەریان هەڵدا.


پۆلیسی ڕەوشتی ئێران بەهۆی پۆشینی حیجاب بە شێوەیەکی "نەگونجاو" دەستگیری کردبوو.


ئەو خۆپیشاندانانە دوای گیانلەدەستدانی ئەمینی بە خێرایی پەرەیان سەند، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە جیاوازەکان، دوای شەش ڕۆژ گەیشتنە لوتکە.


لە بەرانبەردا، خۆپیشاندانەکانی ئێستا گەورەتر و بەرفراوانتر دەردەکەون، و وا دیارە لە کاتی دەستپێکردنیانەوە لە 28ی کانوونی یەکەمەوە بە شێوەیەکی بەردەوام لە گەشەکردندان.


"مەرگ بۆ دیکتاتۆر"

هاوشێوەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022، ڕاپەڕینەکانی ئێستا لە ناڕەزایەتییەکی دیاریکراوەوە سەرچاوەیان گرتووە کە زوو گۆڕدرا بۆ داواکاری گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ڕژێمەکەدا.


ئیلی خۆرسەندفەر دەڵێت: "بزووتنەوەی 2022 بە پرسی ژن دەستی پێکرد، بەڵام ناڕەزایەتییەکانی دیکەشی تێدا ڕەنگی دایەوە. خۆپیشاندانەکانی کانوونی یەکەمی 2025 بە پرسگەلێک دەستی پێکرد کە ئابووری دەردەکەوتن، بەڵام لە ماوەیەکی زۆر کورتدا پەیامی هاوبەشیان هەڵگرت".


لە کۆتایی کانوونی یەکەمدا، بازرگانانی بازاڕ لە دڵی تاراندا مانیان گرت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە ناجێگیرییە توندەکانی نرخی ڕاستەقینەی ڕیاڵی ئێرانی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکی.


خۆپیشاندانەکان بۆ هەژارترین ناوچەکانی وڵات لە ڕۆژئاوا درێژبوونەوە. وەک ساڵی 2022، پارێزگاکانی ئیلام و لوڕستان لە ناوەندە سەرەکییەکانی خۆپیشاندانەکان بوون.


لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی کانوونی یەکەمی ڕابردوو، ڕێپێوانێک بە بەشداری هەزاران کەس بەڕێوەچوو، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ملیۆنان ئێرانی -تەنانەت چینی ناوەڕاستیش- ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری توند و بەرزبوونەوەی خێرای نرخەکان بوونەتەوە.


لەو کاتەوە، خۆپیشاندەران لە شەقامەکاندا هاوار دەکەن: "مەرگ بۆ دیکتاتۆر!"، و داوای ڕۆیشتنی ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی و ئەو ڕژێمە دەکەن کە سەرۆکایەتی دەکات.


"کاریگەری پەهلەوی"

وا دەرکەوت کە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022 بێ سەرکردە بوون، بۆیە زوو کز بوون.


بە پێچەوانەوە، خۆپیشاندانەکانی ئێستا شایەدی کەسایەتییە کاریگەرەکانن -هەندێکیان وەک ڕەزا پەهلەوی کە لە مەنفا نیشتەجێیە و کوڕی شای لادراوی وڵاتە لە ساڵی 1979- کە هەوڵدەدەن لە دوورەوە ئاراستەی ڕێپێوانەکان بکەن یان سەرکردایەتییان بکەن. ڕەنگە ئەمەش بەشێکی هۆکاری بەردەوامبوونی بێت بۆ ماوەیەکی درێژتر.


لە خۆپیشاندانەکانی ئێستادا، دەنگی دروشمەکان بۆ داواکاری گەڕانەوەی بنەماڵەی پەهلەوی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بەرز بووەتەوە.


پەهلەوی خۆی لە مەنفاکەی لە ئەمریکا وەک شای ئێران ناساندووە.


بانگەوازەکانی بۆ خەڵک بۆ دروشمدان لە شەقامەکاندا پێشوازییەکی زۆری لێکرا. گەنجانی ئێرانی لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یەکترییان هان دەدا بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکاندا.


قەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی شارەکانی وەک تاران، کاریگەری بانگەوازەکەی پەهلەوی نیشان دەدات.


شیکەرەوان دەڵێن بوونی کەسایەتییەکی ئۆپۆزسیۆنی ناسراو، بیرۆکەی هەبوونی جێگرەوەیەکی ئەگەری لە لای هەندێک لە خۆپیشاندەران بەهێز کردووە، لە ئەگەری ڕووخانی حکومەتی ئێستادا.


هەندێکی دیکە پێیان وایە هەر دەرکەوتەیەکی پشتگیریکردن لە پەهلەوی، مەرج نییە ئاماژە بێت بۆ ئارەزووی گەڕانەوەی ڕژێمی پاشایەتی، بەڵکو دەربڕینی نائومێدییە بۆ دۆزینەوەی هەر جێگرەوەیەک بۆ حوکمی ئایینی، بەتایبەتی لە سایەی نەبوونی کەسایەتییەکی ئۆپۆزسیۆنی عەلمانی دیار لە ناوخۆی وڵاتدا.


"هەڕەشەی دەستوەردانی ترەمپ"

وا دیارە خۆپیشاندانەکانی ئەمساڵ، بە پێچەوانەی خۆپیشاندانەکانی پێشوو، پشتگیری کۆشکی سپییان هەیە. ترەمپ هەڕەشەی هێرشکردنە سەر شوێنە حکومییەکانی کردووە وەک پشتگیرییەک بۆ خۆپیشاندەران، ئەمەش شتێکە پێشتر ڕووی نەداوە.

لە کاتی بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٠٩ دژی ئەوەی گوایە ساختەکاری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا کراوە، خۆپیشاندەران هاواریان دەکرد: "ئۆباما، ئۆباما، یان لەگەڵ ئەوانی یان لەگەڵ ئێمە!". باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا -کە لە ساڵی 2009 دەسەڵاتی گرتە دەست دواتر پەشیمانی خۆی دەربڕی کە لەو کاتەدا بە ڕوونی پشتگیری خۆپیشاندەرانی ناو شەقامەکانی نەکردووە.


مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاندووە کە خۆپیشاندانەکان لەلایەن "دوژمنانی ئێرانەوە" یارییان پێدەکرێت. بەڵام کێشەکە بۆ ئەو ئەوەیە کە وڵاتەکەی هاوڕێی کەمتری ماوەتەوە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو.


دەسەڵاتدارانی ئێران هاوپەیمانە سەرەکییەکانیان لەدەستداوە: بەشار ئەسەد لە سەرۆکایەتی سوریا لادراوە، هەروەها حیزبوڵڵا لە لوبنان بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە.


"میراتی جەنگ"



بە پێچەوانەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022، خۆپیشاندانەکانی ئەمساڵ دوای ماوەیەکی کورت لە جەنگی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل و پاشان هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دروست بوون.

عەباس عەبدی، ڕۆژنامەنووس، پێی وایە ئەم ڕووداوانە دەرفەتێکی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران ڕەخساند بۆ بەهێزکردنی جۆرێک لە هاوپشتی و یەکگرتوویی لە نێوان گەلدا، بەڵام حکومەت نەیتوانی سوودی لێ وەربگرێت.


لەکاتێکدا هەندێک لە شارەزایان ئاماژە بەوەش دەکەن کە ئەو لێدانە بەهێزەی ساڵی ڕابردوو بەر سوپا کەوت، شکۆ و پێگەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وەک دامەزراوەی سەربازی سەرەکی وڵات لە چاوی ئێرانییەکاندا تێکشکاندووە.


ئیلی خۆرسەندفەر بە پشتبەستن بە ڕۆحیەتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە شێوازەکانی کارکردن لە خۆپیشاندانەکانی ئێستادا دەبینێت: لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ئەو ژنانەی سێ ساڵ لەمەوبەر ڕژانە سەر شەقامەکان، زۆریان پێیان گوتووە کە گەورەترین دەستکەوتیان ڕزگاربوون بووە لە ترسیان لە دەوڵەتێکی سەرکوتکەر.

;