Apora Logo

خامنەیی وێنەیەکی "ترەمپ" بڵاودەکاتەوەو بە فیرعەون وەسفی دەکات

خامنەیی وێنەیەکی "ترەمپ" بڵاودەکاتەوەو بە فیرعەون وەسفی دەکات

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

12/1/2026

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران باڵای ئێران، وەڵامی هەڕەشە و لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی دایەوە سەبارەت بەبارودۆخی ناوخۆی ئێران و پشتگیرکردنی خۆپیشاندەران و ئەنجامدانی کردەی سەربازی دژی ئەو ووڵاتە.


خامنەیی ئەمڕۆ دووشەممە، لە هەژماری خۆی بە زمانی فارسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" (تویتەری پێشوو)، وێنەی پەیکەرێکی ترەمپی بڵاوکردەوە کە لە شێوەی پەیکەرێکی فیرعەونی "تێکشکاو"دایە.


"خۆبەگەورەزان و لەخۆبایی"

خامنەیی بەبێ ئەوەی ناوی ببات، سەرۆکی ئەمریکای بەوە وەسف کرد کە "کەسێکی خۆبەگەورەزان و لەخۆبایییە و لەوێ دانیشتووە و بڕیار بەسەر هەموو جیهاندا دەدات".


هەروەها ڕایگەیاند کە پێویستە ترەمپ "ئەوەش بزانێت کە ستەمکاران و دیکتاتۆرەکانی جیهان، وەک فیرعەون و نەمرود و هاوشێوەکانیان، کاتێک گەیشتنە لوتکەی لەخۆباییبوونیان، ڕووخێنران". لە کۆتاییدا وتی: "ئەم کەسەش هەر دەڕووخێت"، وەک ئاماژەیەک بۆ سەرۆکی ئەمریکا.


ئەم وتەیەی خامنەیی دوای ئەوە هات کە ترەمپ ڕوونی کردەوە خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دژی ئێران، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان باس لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییە دژە حکومەتییەکان دەکەن. سەرۆکی ئەمریکا لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا تاران ئەو "هێڵە سوورەی" بەزاندووە کە پێشتر ڕایگەیاندبوو (کە کوشتنی خۆپیشاندەرانە)، وتی: "پێدەچێت دەستیان پێکردبێت".


هەروەها جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی "بە جددییەکی زۆرەوە چاودێری بابەتەکە دەکات" و لێکۆڵینەوە لە "هەندێک بژاردەی زۆر بەهێز" دەکات و وتیشی: "بڕیارێک دەدەین".


کردەوەی سەربازی و هێرشی ئەلیکترۆنی


سەرچاوە ئاگادارەکان پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە بەرپرسانی سەربازی و دیپلۆماتکارانی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو ترەمپ لەو بژاردانە ئاگادار دەکەنەوە کە لە بەرامبەر ئێراندا لەبەردەستدان، لەوانە ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی و ئەگەری هێرشی سەربازی.


لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئێران هۆشدارییان دا کە ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەیان، ئەوا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج.


جێی وەبیرهێنانەوەیە، سەرۆکی ئەمریکا لەم دواییانەدا چەندین جار هۆشداریی دابوو کە ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئێران بە کوشتن ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران ببنەوە، وڵاتەکەی هاوکاری خۆپیشاندەران دەکات.


ئێران لە 28ی کانوونی یەکەمی ڕابردووەوە شاهیدی خۆپیشاندانی بەرفراوانە دژی خراپی دۆخی ئابووری و بژێوی، بەڵام دواتر خۆپیشاندانەکان گۆڕان بۆ ناڕەزایەتی سیاسی دژی ڕژێمی ئێستا. لە لایەکی ترەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکایان تۆمەتبار کرد بە دەستوەردان لەم خۆپیشاندانانە بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری وڵاتەکە.


;