دێنیز ئۆنداڤ، هێرشبەری ناسراوی یانەی شتوتگارت و هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئەڵمانیا، لە هەڵوێستێکی نوێدا هاوسۆزی خۆی بۆ نەتەوەکەی و قوربانیانی شەڕ و ستەم ڕاگەیاند. ئۆنداو لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام، ئاماژەی بەو نەهامەتییانە کرد کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و خۆپیشاندەرانی ئێران دەبنەوە.
ئۆنداڤ بە زمانی ئەڵمانی لە ستۆرییەکەیدا نووسیویەتی: "هاودەنگی واتە چاومان دانەخەین. هاوسۆزی هیچ سنوورێک ناناسێت. بۆ بێتاوانەکان.. بۆ ئاشتی".
ئەم پەیامەی یاریزانەکە لە کاتێکدایە کە گەڕەکەکانی (شێخ مەقسود و ئەشرەفیە) لە حەلەب لەژێر هێرش و گەمارۆی توندی هێزە چەکدارەکاندان و هاوکات شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامییان هەیە.
دێنیز ئۆنداڤ کە تەمەنی 29 ساڵە و لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، نموونەی یاریزانێکی سەرکەوتووە کە هەرگیز ناسنامە و ڕەگ و ڕیشەی خۆی لەبیر نەکردووە. باوکی خەڵکی ڤێرانشەهری باکووری کوردستان و دایکی خەڵکی قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستانە، کە هەردووکیان سەر بە پێکهاتەی کوردی ئێزیدین.
ئەم هەڵوێستە ئازایانەی ئۆنداو لە کاتێکدایە کە پێشتریش بەهۆی دەربڕینی پشتگیری بۆ مافەکانی گەلی کورد، ڕووبەڕووی هێرش و ڕەخنەی توندی نەتەوەپەرستە توندڕەوەکانی تورکیا ببووەوە، بەڵام ئەم یاریزانە جارێکی تر سەلماندی کە وەرزش لای ئەو تەنها یاریکردن نییە، بەڵکو سەکۆیەکە بۆ گەیاندنی دەنگی بێدەنگەکان.
