Apora Logo

ترەمپ: ئێران داوای دانوستانی کردووە، بەڵام بژاردەی سەربازی لەسەر مێزە!

ترەمپ: ئێران داوای دانوستانی کردووە، بەڵام بژاردەی سەربازی لەسەر مێزە!

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

12/1/2026

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە تاران داوای دانوستانی لەگەڵ واشنتن کردووە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەک لەو بارەیەوە دەکرێت، بەڵام ئەگەری ئەنجامدانی کاردانەوەی پێشوەختەشی بەدوور نەزانی.


تڕەمپ لەسەر فڕۆکەی سەرۆکایەتی و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئێران ئەو "هێڵە سوورەی" بەزاندووە کە پێشتر ڕایگەیاندبوو (کە بریتییە لە کوشتنی خۆپیشاندەران)، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: «وا دیارە دەستیان بەوە کردووە». هەروەها گوتیشی: «بە جیدییەتی زۆرەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین، سوپاش چاودێری دەکات، ئێمە خەریکی لێکۆڵینەوەین لە هەندێک بژاردەی زۆر بەهێز. بڕیار دەدەین».


​سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە سەرکردایەتی ئێران پەیوەندییان پێوە کردووە بە مەبەستی "وتووێژ"، دوای ئەوەی تڕەمپ هەڕەشەی کردەی سەربازی کردبوو، تڕەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: «سەرکردەکانی ئێران دوێنێ پەیوەندییان کرد»، ئاماژەی بەوەش کرد کە «ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەک دەکرێت، ئەوان دەیانەوێت وتووێژ بکەن». بەڵام لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: «ڕەنگە ناچار بین پێش ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، هەنگاو بنێین».هەروەها ترەمپ وتی: "پێموایە ئێرانییەکان ئێمە بە جدی وەردەگرن."


ئاماژەی بەوەش کرد کە بەنیازی قسەکردنە لەگەڵ بازرگان ئیلۆن مەسک سەبارەت بە گەڕاندنەوەی هێڵی ئینتەرنێت لە ئێران، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لە کاتی بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان دژی حکومەت، خزمەتگوزاری ئینتەرنێتیان بڕیوە.


ئەمە لە کاتێکدایە کە کوڕی شای پێشووی ئێران، کە نیشتەجێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، ڕۆژی یەکشەممە داوای لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران و فەرمانبەرانی حکومەت کرد کە پەیوەندی بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتییە پەرەسەندووەکانی ئێرانەوە بکەن.


ڕەزا پەهلەوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە: "فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی دەوڵەت، هەروەها ئەندامانی هێزە چەکدارەکان و ئەمنییەکان، دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە: یان لەگەڵ گەل بوەستن و ببنە هاوپەیمانی نەتەوە، یان بژاردەی هاوکاریکردنی بکوژانی گەل هەڵبژێرن."


;