Apora Logo

ئەو درۆنەى بەر بینای پارێزگای حەلەب کەوتووە درووستکراوی وولاَتى ئۆکرانیایە

ئەو درۆنەى بەر بینای پارێزگای حەلەب کەوتووە درووستکراوی وولاَتى ئۆکرانیایە

ئاپۆڕانیوز : بەشی هەواڵ

11/1/2026

تۆڕی هەواڵی ئۆکرانیا بڵاوی کردەوە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی دوێنێ بینای پارێزگای حەلەبی کردە ئامانج، درووستکراوی ئۆکرانیایە و پێشتریش بۆ چەکدارانی حکومەتی کاتی سووریا دابینکراوە.

تۆڕی ئۆکرانیا نیوز سەبارەت بە دیمەنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی، کە بینای پارێزگای حەلەبی کردە ئامانج، زانیاری نوێ دەخاتەڕوو.


تۆڕەکە دەڵێت: ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی لە هێرشەکەی دوێنێی سەر باڵەخانەی پارێزگای حەلەب بەکارهاتووە ناوی “لیوتی”ـە، دراوە بە گرووپەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سووریا بۆ بەکارهێنانی لە بە ئامانجگرتنی پێگە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ناو خاکی سووریادا.


تۆڕەکە ڕوونیشی کردەوە، بەکارهێنانی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە لە حەلەب بەشێکە لەوەی کە بە “هەڵمەتێکی پڕوپاگەندەی چەواشەکارانە” پێناسەی کردووە، کە ئامانج لێی تاوانبارکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە)ـیە بۆ هێرشەکردنە سەریان، جۆری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە و سەرچاوەکەی ئاماژەیە بۆ لایەنەکانی پشت هێرشەکە.


ئاماژەی بەوەشکرد، بەکارهێنانی ئەم جۆرە فڕۆکەیە لە چوارچێوەیەکی میدیایی و سیاسیدا، دوور لە سروشتی ئەرکە سەربازییەکانی دەکەوێتە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و سەرلێشێواندنی بابەتەکان.


جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ چەکدارانی حکومەتی کاتی سووریا بە چری بۆردوومانی گەڕەکی شێخ مەقسودیان کرد، لە هەمان کاتدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان خۆی کێشا بە باڵەخانەی پارێزگای حەلەب، سەرەتا چەکداران کوردیان بەو کارە تۆمەتبار کرد، بەڵا دواتر دەرکەوت ئەو جۆرە درۆنە تەنیا لای خۆیان هەیە.

س: rojnews

;