Apora Logo

هێزەکانی ئاسایشی حەلەب دەگەنە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا

هێزەکانی ئاسایشی حەلەب دەگەنە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا

ئاپۆڕا نیوز - بەشی هەواڵ

11/1/2026

پرۆسەی گواستنەوەی هێزەکانی ئاسایشی حەلەب بە چاودێری نێودەوڵەتی بۆ ناوچەکانی باکووری و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەچوو. 

میدیای ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوی کردەوە، کاتژمێر 3:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ، ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش لە حەلەب، هاوڕێ لەگەڵ شەهید و بریندارەکان گەیشتوونەتە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا؛ لەم کاتەشدا بریندارەکان بۆ چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و قوربانییەکان لە شارۆچکەی دێرحافر لەلایەن خەڵکەوە پێشوازییەکی فراوانیان لێ کرا؛ هاوکات میدیای فەرمیی سووریاش بڵاوی کردەوە، کاتژمێر 2:58 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ، کۆتا کاروانی هێزەکانی ئاسایش گەڕەکی شێخ مەقسوودیان بەرەو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێهێشتووە.

هاوکات، ئەم پێشهاتە دوای پێنج ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادانی سەخت هات لەنێوان هێزەکانی ئاسایش و سوپای عەرەبی سووریا لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب؛ کە دواتر بە چاودێریی نێودەوڵەتی و بە گواستنەوەی هێزەکانی ئاسایش بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆتایی هات. لە پێنج ڕۆژی شەڕەکەشدا دەیان کەس بوونە قوربانی و دەیان هەزار کەسیش لە ماڵی خۆیان ئاوارە بوون.


;