ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكەنەوە كە باس لە كۆنتڕۆڵكردنی گەڕەكی شێخ مەقسوود دەكەن، دەشڵێت پێکدادانی توند لەگەڵ میلیشیاکانی حکومەتی دیمەشق بەردەوامە.
دەقی راگەیەنراوەكە:
بەناو "وەزارەتی بەرگری" حکومەتی دیمەشق ئیدیعای بڵاوکردەوە کە گوایە کۆنترۆڵی 90%ی گەڕەکی شێخ مەقسوود دەکات.
ئێمە بە توندی جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەم ئیدیعایانە درۆ و چەواشەکارانەن، هیچ پەیوەندییەکیان بە واقیعەوە نییە و بەشێکن لە هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو تاوان و پێشێلکارییە قورسانەی کە میلیشیاکانی حکومەتی دیمەشق دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجامیانداوە.
لەسەر زەوی، لە گەڕەکی شێخ مەقسوود پێکدادانی توندی شەقامەکان لەگەڵ میلیشیاکانی حکومەتی دیمەشق ڕوودەدات و زیانێکی زۆریان بەسەردا گەیاندووە.
هاوکات تۆپبارانی دڕندانەی گەڕەکەکە لەلایەن تۆپ و تانکەوە بەردەوامە، کردەوەیەکی سیستماتیکی و تاوانکارییە کە ئامانج لێی تیرۆرکردنی دانیشتوان و لەناوبردنی ژێرخانەکانە، بە نەخۆشخانەکانیشەوە، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای سەرجەم یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتی و مرۆییەکانە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب – ناوەندی ڕاگەیاندن
