بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئارەزووی خۆی دەربڕی کە وڵاتەکەی لە ماوەی 10 ساڵدا دەستبەرداری هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بێت.
ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری هەفتانەی "زە ئیکۆنۆمیست"ی بەریتانی کە ئێوارەی هەینی بڵاوکرایەوە، رایگەیاند "لە دوایین سەردانمدا بۆ لای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەختم لەسەر پێزانینی قووڵمان کردەوە بۆ ئەو هاوکارییە سەربازییانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەدرێژایی ساڵان پێشکەشی کردووین."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: "بەڵام ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغی پێگەیشتن. توانایەکی ناوازەمان پەرەپێداوە و ئابوورییەکەمان بەم زووانە، لە ماوەی دە ساڵدا، دەگاتە 1000 ملیار دۆلار."
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "بۆیە دەمەوێت لە ساڵانی داهاتوودا هاوکارییە سەربازییەکان وردە وردە کەم بکەمەوە."
پیشەسازی بەرگری لە ئیسرائیل، کە لە دوای دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1948 لە دۆخێکی جەنگی نیمچە بەردەوامدایە، چەند ساڵێکە گەشەیەکی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئیسرائیل ساڵانە نزیکەی 3.8 ملیار دۆلار هاوکاری دارایی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەردەگرێت بۆ کڕینی چەک، ئەمەش بەپێی ڕێککەوتنێک کە لە ساڵی 2016 واژۆ کراوە و لە ساڵی 2019ەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ساڵی 2028 بەردەوام دەبێت.
بەپێی میدیا فەرمییەکان، ئەم بڕە پارەیە نزیکەی 15٪ی بودجەی بەرگری ئیسرائیل پێکدەهێنێت.
جگە لەوەش، ئیسرائیل هاوکاری سەربازی بەپەلەی ئەمریکای وەرگرتووە، بەتایبەتی بۆ سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی، لەوانە سیستەمی "قوبەی ئاسنین".
لە ساڵی 2021دا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە واشنتۆن لە دوای دامەزراندنیەوە، زیاتر لە 125 ملیار دۆلاری وەک هاوکاری سەربازی دووقۆڵی بە ئیسرائیل بەخشیوە.
لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا، لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی نێوان ناتانیاهۆ و ترەمپ گرژ دەردەکەوتن، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بە پێویستی "دەستبەرداربوونی پلەبەندی" ئیسرائیل لە هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا کرد، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتە ڕوو.
ناتانیاهۆ یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە کە لە کاتی دەسەڵاتەکەیدا بە تۆمەتی گەندەڵی دادگایی دەکرێت، خۆیشی تێوەگلانی لە هەر یەکێک لەو دۆسیانە ڕەتدەکاتەوە و بە بەشێک لە پیلانێکی سیاسی دژی خۆی وەسفیان دەکات.
ناتانیاهۆ دووپاتی کردەوە کە بەنیازی خۆکاندیدکردنەوەیە بۆ خولێکی نوێ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، کە بڕیارە نەک لە کۆتایی تشرینی یەکەمی 2026دا بەڕێوەبچێت.
