حەمەی حەمەسەعید لە پەیامێکی بەپەلەدا کە ئاراستەی سەرکردایەتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی کردووە، نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر دۆخی کوردانی شاری حەلەب دەربڕی و هۆشداریی لە مەترسییەکی گەورە دەدات.
لە پەیامەکەیدا، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم، بە توندی هێرش و پەلامارەکانی سوپای سووریا (سوپای شەرع)ی بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، “کوشتن و ئاوارەکردنی ژن و منداڵ لەم سەرما و سۆڵەی زستانەدا، کارێکی ڕیسوا و مەحکومکراوە.”
ناوبراو پێشنیارێکی سەربازی ئاراستەی ڕێبەرایەتی هەسەدە دەکات و دەڵێت “پێش ئەوەی لە حەلەب تووشی شکان ببن، پێویستە لە دێرەزوور یان هەر شوێنێکی تری گونجاو، بەرەیەکی نوێی شەڕ لە دژی سوپای سوریا بکەنەوە.”
هۆکاری ئەم پێشنیارەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە “ئەگەر هەسەدە لە حەلەب بشکێت، سوپای سوریا خەیاڵی ئاسوودە دەبێت و بە هەموو هێزییەوە هێرشی گشتگیر بۆ سەر ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی کورد دەستپێدەکات.”
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، حەمەی حەمەسەعید داوا لە هەسەدە دەکات کە تەنها پشت بە هێزی خۆیان ببەستن و نەکەونە ژێر کاریگەری بەڵێنی وڵاتان، و دەڵێت: “پشت بە خۆتان ببەستن و بەتەمای هیچ دەوڵەت و لایەنێک مەبن بە هاناتانەوە بێت.
