فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەبارەی ئاڵۆزییەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە هاتەدەنگ و دەڵێت، بەردەوامی کوشتن و زمانی جەنگ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری تاکلایەنە قبوڵکراو نیە، راشیدەگەیەنێت، ئەو هەنگاوانە پێشتر لە ناوچە کەناراوییەکان و سوەیدا کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگی لێکەوتبوەوە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پەیامێکدا کە لە سەکۆی "ئێکس" بڵاویکردەوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردوە، بڵاوەپێکردنتی تانک و تۆپهاوێژ لە گەڕەکەکانی شاری حەلەب و بۆردومانی هاوڵاتیانی سڤیلی گەمارۆدراو و راگواستنیان، هەروەها هەوڵەکان بۆ چونەسەر گەڕەکە کوردییەکان لەکاتی گفتوگۆکاندا هەلی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن کەمدەکات.
ئەوەشیخستەڕوو، ئەو هەنگاوانە دۆخەکە لەباردەکات بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی مەترسیدار، هەروەها ژیانی ئەو هاوڵاتییە سڤیلانە دەخاتە مەترسییەوە کە گیریانخواردوە.
مەزڵوم عەبدی باسی لەوەشکرد،" هاوکات لەگەڵ پشتیوانییەکانمان بۆ خەڵکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، ماوەی چەند رۆژێکە لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵی راگرتنی ئەو هێرشانە دەدەین ".
