کەجەکە سڵاوی لە بەرخۆدانی گەل لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب کرد و ڕاگەیاند، هێرشەکان هەوڵێکە بۆ لەباربردنی چارەسەرێکی گونجاو و پرۆسەی دیالۆگ، دەشڵێت: پێویستە حکومەتی سووریا سیاسەتێک لەسەر بنەمای یەکێتی سووریا لەگەڵ گەلی کورد و گەلانی تردا دابمەزرێنێت.
هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، سەبارەت بە هێرشی چەتەکانی سەربە حکومەتی کاتی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنیشنەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب و بەرخۆدانی گەل، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
بەیاننامەکەی کەجەکە بەمشێوەیەیە:
“چەند ڕۆژێکە بە چەکی قورس هێرش دەکرێتە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب. هەتەشە دوای هاتنەسەر دەسەڵات لە دیمەشق، هێرشدەکاتە سەر ئەو باوەڕ و گەلانەی وەک خۆی بیرناکەنەوە. چەتەکان لەژێر چەتری حکومەتی کاتیی دیمەشقدان، سەرەتا هێرشیان کردە سەر عەلەوییەکان و پاشان درووزەکان، ئێستاش هێرشدەکەنە سەر کورد. ئەمە دەریدەخات هێزە باڵادەستەکانی دیمەشق، دوژمنی گەل و کۆمەڵگەن. دەسەڵاتی بەعس ڕووخا، ئێستا بەعسی ڕیشدار وەک مۆتەکەیەک کەوتووەتە گیانی سووریا.
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە نزیکەی 100 ساڵە شوێنی نیشتەجێبوونی کوردانە. دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا، گەڕەکی شێخ مەقسوود بە ژن و منداڵ و پیر و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەوە، دژی بەعس و چەتەکانی سەر بە هەتەشەش کە ئەمڕۆ دەیانەوێت حەلەب بگرن، بەرخۆدانیان کردووە و ئێستاش بەرخۆدان دەکەن. 15 ساڵە گەلی کورد لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بە ڕێبازی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی بەرخۆدان دەکات. ڕاستینەی گەل کە ساڵی پار لە تشرین بە هێزی خۆپاراستن بەرخۆدانی کرد، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بەرخۆدانێکی نموونەیی بەڕێوەدەبەن. لەم گەڕەکانەدا هەوڵدەدرێت کە ناسنامە و کەلتووری کورد بپارێزرێت. بۆ بوونە بەشێک لە سووریایەکی دیموکراتیک بەرخۆدان دەکەن.
هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود، هەردووکیان هێرشی دوژمنانی دیموکراسیین بۆ چۆڵکردنی ئەو گەڕەکانە لە کوردەکان. دەسەڵاتدارانی دیمەشق بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، خاوەنی زیهنییەتێکن کە باوەڕ و گەلانی تر قبووڵ ناکەن. هەوڵدەدرێت دەوڵەت-نەتەوەیەک بە یەک باوەڕ و کەلتوور و زمان و نەتەوەوە لەسەر بناغەی قڕکردنی ناسنامە جیاوازەکان دابمەزرێت وەک ئەوەی لە سەدەکانی 19 و 20 بینراوە. بۆیە هێرشدەکاتە سەر ئەو گەلانەی دەیانەوێت سووریایەکی دیموکراتیک لەسەر بناغەی نەتەوەی دیموکراتیک دابمەزرێنن.
ئەم هەڵوێستە درێژەپێدەری دەسەڵاتی بەعسە، ئەگەر ئەحمەد شەرع و حکومەتی کاتیی دیمەشق دەیەوێت ببێتە دەسەڵاتێکی شەرعی و خواستی یەکێتیی سووریا بهێنێتە دی، پێویستە واز لەم ڕەفتارانە بهێنێت، لەگەڵ گەلی کورد و گەلانی تردا سیاسەتێک لەسەر بنەمای یەکێتیی سووریا دابمەزرێنێت. هێشتا لەم ڕووەوە درەنگ نەبووە. لە سووریادا کوردەکان هەردەم لەگەڵ دیالۆگدا بوون و بەم دواییانەش دیالۆگەکەکان بەردەوامبوون، بۆیە هێرشی لەم جۆرە، هەوڵێکە بۆ لەباربردنی چارەسەرێکی گونجاو و پرۆسەی دیالۆگ.
ئەو چەتانەی کە ئێستا لە حەلەب هێرش دەکەنە سەر کورد، ئەو گرووپە فاشیستانەن کە ماوەیەکی کەم لەمەوبەر لەلایەن ئینگلتەراوە خرانە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە. ئەو هێزانەن کە لەگەڵ هەتەشەدا دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت. لەناو ئەم هێزە هێرشکارانەدا هەندێک گرووپی جیاواز هەن کە هێشتا دەیانەوێت کارەکتەری فاشیستی خۆیان بپارێزن و لە سووریا کاریگەر بن. ئەحمەد شەرع هەم لەلایەن ئەوانەوە و هەم لەلایەن هێزە جیاوازەکانەوە بەدیل گیراوە. یاخود ئەحمەد شەرع وا خۆی نیشاندەدات کە پشتیوانی لە هێزی جیاوازەوە وەردەگرێت. ئەو چەتانەی کە لە ئێستادا هێرش دەکەنە سەر حەلەب، ئەو چەتانەی خاوەن هەمان زیهنییەتی داعشن کە وەکو سوپای نیشتیمانیی سووریا (SNA) نیشاندەدرێن و لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە مەشقیان پێکراوە و چەکدارکراون. دامەزراوە میدیاییەکانی دەسەڵات لە تورکیا بەرگریی لەم هێرشانە دەکەن و هەوڵدەدەن وتەبێژی بۆ چەتەکان بکەن. ئەمە نیشانی دەدات کە دەوڵەتی تورک لە پشت ئەم هێرشانەوەیە. هەرخۆی ئەو پەیامنێرانەی کە لە حەلەب هەواڵەکان دەگوێزنەوە دەڵێن کە ئەو چەتانەی هێرش دەکەن، پشتیوانی لە دەوڵەتی تورک وەردەگرن.
وەکو تەڤگەری ئازادیی کورد، لە کاتێکدا کە لە تورکیا ڕێبەر ئاپۆ وەڵامی بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی دایەوە و بە دەستپێشخەری پرۆسەکەی دەستپێکرد، ئێمە بانگەوازمان لە دەوڵەتی تورک کرد کە پشتیوانی لە کوردی سووریا بکات و خاوەندارێتییان لێ بکات. لەبەرئەوەی ئەم کوردانە کەسوکاری کوردەکانی تورکیان. بە گوتنی ئەوەی کە، وەک چۆن تورکیا خاوەندارێتی لە تورکمانەکان دەکات، پێویستە خاوەندارێتی لە کوردیش بکات، ویستمان لە سووریا ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت. ئەگەر تورکیا دەیەوێت لەسەر بنەمای خوشک-برایەتیی کورد-تورک سەدەیەکی نوێ بنیات بنێت، ئەوەی پێویستە بیکات ئەوەیە و ئێمە ئەم بانگەوازەی خۆمان دووبارە دەکەینەوە.
گەلی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بە تێڕوانینی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی 15 ساڵە بە ژن، منداڵ و پیر وەکو تەواوی گەل بەرەنگار دەبێتەوە. ئەمڕۆش بە ژن، پیر و منداڵەوە وەکو تەواوی کۆمەڵگە بە تێڕوانینی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی پێویستە بەرەنگار بێتەوە. پێویستە نموونەیەکی مەزنی ئەو نەریتی بەرخۆدانە نیشان بدات، کە ١٥ ساڵە بەردەوامە. پێویستە گەلەکەمان لە بەرامبەر هێرشی بێ کوردکردنی حەلەب و تەواوی سووریا بە ژن، منداڵ و پیرەکانییەوە، وەکو تەواوی کۆمەڵگە لە هەر شوێنێک هەیە بمێنێتەوە و بەرەنگاری هێرشی چەتەکان ببێتەوە.
ئێمە لەو باوەڕەداین کە گەلی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بە نەریتی بەرخۆدانی 15 ساڵە بەرەنگار دەبێتەوە، سڵاو لە بەرخۆدانەکەیان دەکەین و باوەڕمان بەوەیە کە ئەنجامی بەرخۆدانەکەیان سەرکەوتن دەبێت.
بانگەواز بۆ گەلی کورد لە چوار بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەین کە خاوەندارێتی لە بەرخۆدانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بکەن.”
