ئەمشەو لە دووەم یاریی قۆناغی پێشکۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا، یانەی ریاڵ مەدریدی 13 جار هەڵگری نازناوەکە لە ڕووبەڕووبونەوە و ئەرکێکی زەحمەتدا بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید یاریدەکات، کە یەکێکە لە ڕکابەرە مێژووییەکانی یانەی شاهانە.
ئەتلەتیکۆ مەدرید، لە وەرزی 2020-2021 بەدواوە کە بووە پاڵەوانی لالیگا، هیچ نازناوێکی بەخۆیەوە نەبینیوە و چاوی لە یەکەم نازناوە، بەڵام لە دوو وەشانی ڕابردووی جامی سوپەر لە قۆناغی پێش کۆتایی ماڵئاواییان کردووە، تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنی بەوورەیەکی بەرزەوە یارییەکەی ئەمشەو ئەنجام دەدەن، لەکاتێکدا پێنج یارییە لەتەواوی خول و پاڵەوانێتییەکان دووچاری شکست نەبوونە، لەبەرئەوە دەیەوێت لەسەر پشتی ریاڵ مەدرید بلیتی یاریی کۆتایی وەربگرێت و بچێتە یاریی کۆتایی.
لەلایەکی دیکەوە، ریاڵ مەدرید چوار یارییە لەسەریەک بردنەوە بەدەستدەهێنێت و گوشارەکانی سەر چابی ئەلۆنسۆ کەمتر بوونەتەوە، بەڵام داهاتووی ئەلۆنسۆ لەگەڵ ریاڵ مەدرید پەیوەستە بە جامی سوپەری ئیسپانیاوە و ئەگەر ئەنجامێکی باش تۆمار نەکات بەئەگەرێکی زۆرەوە لە ئەرکەکەی دووردەخرێتەوە.
جامی سوپەری ئیسپانیا، گرنگییەکی زیاتری بۆ ریاڵ مەدرید هەیە و پاڵەوانێتییەکی دڵخوازی یانەکەیە، کاتێک لە پێنج بەشداریکردنی ڕابردوودا لە سەرجەمیاندا گەیشتووەتە یاریی کۆتایی و سێ جار بووەتە پاڵەوان.
