Apora Logo

هێرشەکانی ڕژێمی سووریا بۆ سەر کوردانی حەلەب مەترسیدارن و جیهان قەرزداری کوردە

هێرشەکانی ڕژێمی سووریا بۆ سەر کوردانی حەلەب مەترسیدارن و جیهان قەرزداری کوردە

ئاپۆڕا نیوز - بەشی هەواڵ

8/1/2026

لەگەڵ بەردەوامیی گرژییەکانی شاری حەلەب، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداری لە هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر پێکهاتەی کورد دەدات، لە بەرامبەریشدا حکومەتی دیمەشق ڕایدەگەیەنێت کە پاراستنی کوردەکان ئەرکی نیشتمانیی ئەوانە.

گیدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە لێدوانێکدا کە لاپەڕەی فەرمی "ئیسرائیل بە عەرەبی" بڵاوی کردووەتەوە، ڕەخنەی لە هێرشەکانی هێزەکانی ڕژێمی سووریا بۆ سەر کەمینەی کورد لە شاری حەلەب گرت و هێرشەکانی بە "مەترسیدار و گەورە" وەسف کرد.

ساعر جەختی کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و ڕۆژئاوا بەتایبەتی، "قەرزێکی ئەخلاقییان" لەسەر شانە بەرامبەر بە کوردەکان، چونکە ئەوان بە بوێری و سەرکەوتوویی لە دژی داعش جەنگان و پارێزگارییان لە ئاسایشی ناوچەکە و جیهان کرد.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو سەرکوتە سیستماتیک و خوێناوییەی کە بەرامبەر پێکهاتە جیاوازەکان لە سووریا ئەنجام دەدرێت، بە تەواوی لەگەڵ ئەو بەڵێنانەدا دژبەیەکە کە باس لە بونیادنانی "سووریایەکی نوێ" دەکەن.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، گیدیۆن ساعار هۆشداری دا کە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەم ڕووداوانە، تەنیا دەبێتە هۆی هاندان و پەرەسەندنی زیاتری توندوتیژییەکان لەلایەن ڕژێمی سووریاوە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی و پێکهاتە نەتەوەییەکان.



;