Apora Logo

ئەشرەفیەو شێخ مەقسود و دنیا

ئەشرەفیەو شێخ مەقسود و دنیا
لەتیف فاتح فەرەجلەتیف فاتح فەرەج

لەتیف فاتیح فەرەج

8/1/2026


1

توركیاو جاشەكانی بەربوونەتە وێزەی هەردوو گەڕەكی ئەشرەفیەو شێخ مەقسود و دەیانەوێت جینۆسایدی بكەن ، ئامانج لەم پەلامارە :

یەكەم: بۆ بە چۆكدا هێنانی قەسەدەیە، بەڵام شتی وا هەرگیز ڕونادات.

دوەم : تێكدانی ئەو ڕێكەوتنەیە كە لە نێوان دیمەشق و ڕۆژئاوا كراوە.

سێیەم : وەڵامە بەپەیامە شەڕەنگێزیەكانی رابردوی ئەردۆغان و فیدان و باخچەلی.

ئێستا لەو دوو گەڕەكە شەهیدو بریندار هەن ، بۆردومان بەردەوامە، ئەمڕۆ دۆستێك لەوێوە پێی وتم بارو دۆخەكە خراپە، بەڵام ئێمە خاوەنی ئیرادەین.

2

هەر ئەوەندەی عەرەب خۆیان بۆ ئیسرائیل چەماند لە پاریس ، یەكسەر پەلاماری شێخ مەقسود و ئەشرەفیە درا ، من لەوە بە ئازارم عەرەب لە هەموو وڵاتانەوە مل بۆ جولەكە دەدەن كەچی ئەگەر كوردێك بڵێت پێویستە كوردو جوو پەیوەندیان هەبێت نەك هەر خۆیان پەلاماری دەدەن و بە پیاوی جووی لە قەڵەم دەدەن جاشە كوردیش دەكەن بە گژیداو هەر ئەوەی ماوە خوێنی حەڵاڵ بكەن ، كوردی ڕۆژئاوا دەبێت لە ئێستادا باشترین پەیوەندی لە گەڵ جوو هەبێت بە كوێرای چاوی دیمەشق و ئەنكەرەوە.

3

ئەوەی لە ئەشرەفیەو شێخ مەقسود بەڕێوە دەچێت ئامانج لێی هەموو ڕۆژئاوای كوردستانە، بۆیە بەرپرسیارەتی ئاكاری ئەمەریكاو فەڕەنسایە ، رێگری بكەن و نەهێڵن ئامانجی توركیاو جاشەكانی بێنە دی ، فەڕەنساو ئەمەریكا لە هەر وڵاتێكی تر زیاتر بەرپرسن لەوەی ڕۆژئاوای كوردستان بپارێزن و بیگەیەننە كەناری ئارام ، ڕۆژئاوای كوردستان لە پێناوی مرۆڤایەتیدا هەزاران شەهیدیان دا .

4

هەرێمی كوردستان و سەرۆكی هەرێم و حكومەتی هەرێم و هەردوو حزبی سەرەكی ئەركی گەورە دەكەوێتە ئەستۆیان لە ئێستادا بۆ لە لایەكەوە پاراستنی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەو هەروەها دابین كردنی داو دەرمان و دواتر هەوڵی دیبلۆماسی بۆ بەرگرتن لە فراوان بوونی شەڕەكە، دڵنیام بیانەوێت دەتوانن زۆر شت بكەن .

5

ئەوەی لە ئەشرەفیەو شێخ مەقسود ڕوودەدات ، جینۆسایدە لە سەر دەستی تورك و جاشەكانی بە بەر چاوی هەموو دنیاوە ، بۆیە ناكرێت دنیا لەم ستەمكاریە بێدەنگ بن ، بەتایبەت نەتەوە یەكگرتوەكان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ كە دەیان ساڵە چاوپۆشی لە هەموو ستەمكاریەكی توركیا دەكەن .




;