بەپێی ڕاپۆرتێک، ژمارەی کوژراوانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ و خێزانەکەی، گەیشتووەتە 75 کەس، هاوکات حکومەتی کاراکاس 7 ڕۆژ ماتەمینی نیشتمانی بۆ ئەو سەربازانەی ڕاگەیاند کە لە هێرشەکەی ئەمریکادا گیانیانلەدەستداوە.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە مەزەندەی کردووە کە "نزیکەی 75 کەس لە کاتی ئۆپراسیۆنی سەربازیی ڤەنزوێلادا کوژرابن" ، ئاماژەی بەوەشکردووە، "ژمارەی کوژراوەکان ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی ڤەنزوێلا و کوبا دەگرێتەوە".
سی ئێن ئێن لە زاری بەرپرسێکی پنتاگۆنەوە بڵاویکردەوە، "پێنج سەربازی ئەمریکی کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا برینداربوون، گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان، دوو سەربازی دیکەش چارەسەر وەردەگرن".
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بە سی ئێن ئێنیان ڕاگەیاندووە: لە ئەنجامی شەڕێکی چەکداری بەرفراوان لەگەڵ هێزێکی کاردانەوەی خێرای کوبا کە لە نزیک کۆمەڵگەی مادۆرۆ جێگیر بووبوو، هەندێک لە ئەندامانی هێزی دێڵتا لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا بریندار بوون.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە، "سەربازەکان بە فیشەک و چەقۆ لێیاندراوە، بەڵام برینەکانیان سەخت نییە و پێشبینی دەکرێت بە تەواوی چاک ببنەوە".
ڤەنزوێلا و کوبا ڕایانگەیاند کە 56 سەربازیان لە ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییەی ئەمریکادا کوژراون کە بووە هۆی دەستگیرکردنی مادۆرۆ و خێزانەکەی.
دیلسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاتی لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی، بڕیارم داوە حەوت ڕۆژ ماتەمینی نیشتمانی ڕابگەیەنم وەک ڕێزێک و یادکردنەوەی ئەو گەنج و ژنانەی کە لە بەرگریکردن لە ڤەنزوێلا گیانیان بەخت کرد.
