دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ کە ڕایگەیاند ڤەنزوێلا لەنێوان 30 بۆ 50 ملیۆن بەرمیل نەوتی سزادراو بۆ ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە، نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی 62 سەنت کە دەکاتە 1% دابەزیوە و لە ئێستادا گەیشتووەتە 60 دۆلار و 07 سەنت.
هاوکات نرخی نەوتی خاوی ئەمەریکاش بە ڕێژەی 78 سەنت کە دەکاتە 1.37% دابەزیوە بە 56 دۆلار و 32 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
پێشتر ترەمپ لە پۆستێکیدا ڕایگەیاندبو، نەوتی ڤەنزوێلا بە نرخی بازاڕ دەفرۆشین، منیش وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو پارانە کۆنتڕۆڵ دەکەم بۆ ئەوەی دڵنیا بم لەوەی کە بۆ بەرژەوەندی خەڵکی ڤەنزوێلا و ئەمریکا بەکاردەهێنرێن.!
تینا تینگ، ستراتیژیست لە بازاڕەکانی کۆمپانیای Moomoo ANZ، وتی پۆستەکەی ترەمپ ڕوونی دەکاتەوە کە پێی باشترە دابینکردن زیاد بکات نەک کەمکردنەوەی، ئەمەش نیگەرانییەکانی زیاتر دەکات سەبارەت بە کێشەی زیادەڕۆیی لە دابینکردنی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا.
ڤەنزوێلا نەوتی خاوی سەرەکی خۆی کە ناوی "مێرییە"، بە نرخی نزیکەی 22 دۆلار کەمتر لە نەوتی خاوی برێنت دەفرۆشێت بۆ گەیاندنی بە بەندەرەکانی ڤەنزوێلا، بەمەش بەهای گرێبەستەکە دەگاتە یەک ملیار و 900 ملیۆن دۆلار.
شرۆڤەکارانی مۆرگان ستانلی مەزەندەیان کردووە کە بازاڕی نەوت دەتوانێت لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026 بە زیادەوە بگاتە 3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بە پشتبەستن بە لاوازی گەشەی خواست لە ساڵی ڕابردوو و زیادبوونی دابینکردنی نەوت لەلایەن بەرهەمهێنەرانی ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێکەوە.
