Apora Logo

ترەمپ: ڤەنزوێلا نزیکەی 50 ملیۆن بەرمیل نەوت ڕادەستی واشنتۆن دەکات

ترەمپ: ڤەنزوێلا نزیکەی 50 ملیۆن بەرمیل نەوت ڕادەستی واشنتۆن دەکات

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

7/1/2026

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، حکومەتی کاتیی ڤەنزوێلا تا 50 ملیۆن بەرمیل نەوت ڕادەستی ئەمەریکا دەکات و داهاتەکەی لەژێر ئیدارەی ئەو، وەک سەرۆکی وڵاتەکەیدا دەبێت.


ترەمپ لە پلاتفۆرمی ( Truth social) نووسیویەتی: دەسەڵاتدارانی بە وەکالەت لە ڤەنزوێلا لە نێوان 30 بۆ 50 ملیۆن بەرمیل نەوتی کوالیتی بەرز دەگەیەننە ئەمریکا.


ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم نەوتە بە نرخی بازاڕ دەفرۆشرێت و منیش وەک سەرۆکی ئەمریکا ئەو پارانە بەڕێوەدەبەم بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی کە بۆ بەرژەوەندی خەڵکی ڤەنزوێلا و ئەمریکا بەکاردەهێنرێن.


لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ڕایگەیاندووە کە ترەمپ بە نیازە ڕۆژی هەینی لەگەڵ نوێنەرانی سێ گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی دیکەی ناوخۆ لە کۆشکی سپی کۆببێتەوە و تاوتوێی وەبەرهێنانی گەورە بۆ کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا بکات.


ترەمپ ڕۆژی شەممە ڕایگەیاندبو، کە کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا ملیارەها دۆلار دەخەنە ناو ڤەنزوێلا دوای ئەوەی ئەمریکا نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلای دەستگیرکرد.


بەپێی هەمان سەرچاوە چاوەڕوان دەکرێت نوێنەرانی کۆمپانیاکانی "شیڤرۆن کە تاکە کۆمپانیای نەوتی ئەمریکییە کە لە ڤەنزوێلا کاردەکات، کۆمپانیای کۆنۆکۆفیلیپس و ئێکسۆن مۆبیل"، لەگەڵ کارگێڕانی دیکەی نەوتیی ئەمریکا بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن.


سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەکردەوە کە ئەمریکا لە شەڕدا نییە لە گەڵ ڤەنزوێلا، لە ئێستادا ڕەتیکردەوە هیچ نیازێک بۆ پەرەسەندنی سەربازیی زیاتر، جەختیشیکردەوە کە ڤەنزوێلا لە 30 ڕۆژی داهاتوودا هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام نادات.


لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر بڕیاری دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا بدات، پێویستی بە دەستێوەردانی یاسادانەرانی ئەمریکا نابێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم دەسەڵاتە دەکەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتییەکەیەوە.


دوێنێ دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، کە کاراکاس و واشنتۆن گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی ڤەنزوێلا بە بەهای تا دوو ملیار دۆلار بۆ ئەمەریکا، ئەمەش هەنگاوێکە کە دابینکردنی نەوتی ڤەنزوێلا لە چینەوە لادەبات دوای ئەوەی بەرپرسانی ڤەنزوێلا بە ڕفاندنی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا وەسفیان کرد.

;