Apora Logo

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی: پڕۆسەی ئاشتی بە هەڕەشەکردن سەرناگرێت

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی: پڕۆسەی ئاشتی بە هەڕەشەکردن سەرناگرێت

ئاپۆڕانیوز : بەشی هەواڵ

6/1/2026

تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، جەختی لەسەر ئازادی ڕێبەر ئۆجالان کردەوە بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی چارەسەری، و ڕایگەیاند کە بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کۆسپی گەورە دەخاتە بەردەم ئاشتی و دیموکراسی.


ئەمڕۆ تولای حاتیمۆغولاری هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان، وتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسی و وتی: بۆ سەرکەوتنی هەر پڕۆسەیەکی نوێ، دەبێت هەلومەرجی کارکردنی ئازاد بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەستەبەر بکرێت، چونکە بێ ئازادیی ئەو، هیچ هەنگاوێکی کردەیی بەدی نایەت.


حاتیمۆغولاری ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵی 2025 بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕ لە ئاڵۆزی بوو، هیوای خواست ساڵی 2026 ببێتە ساڵی ئاشتی و یەکسانی، هەروەها یادی حوسێن ئایکۆلی کردەوە وەک سیمبۆلی ڕاگەیاندنی ئازاد، کە پردی پەیوەندیی نێوان شۆڕشگێڕانی تورکیا و تەڤگەری ئازادیی کورد بووە.


هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕەخنەی لە دەوڵەتی تورکیا گرت و وتی: سێ ساڵ بەسەر بوومەلەرزە تێپەڕیوە و هێشتا برینەکان ساڕێژ نەکراون، داواشی کرد سەڵاحەدین دەمیرتاش و زیندانیانی کۆبانێ و هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن، و بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بکرێن.


هاوسەرۆکی دەم پارتی لە بەشێکی تری وتەکەیدا باسی لەوە کرد، کە کۆمیسیۆنی “دیموکراسی و خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی” دەبێت پرسی کورد لە شەڕ دووربخاتەوە، پێویستە یاسای تایبەت بۆ ئەندامانی پەکەکە دەربچێت، سیستەمی قەیومەکان کۆتایی بێت، و ڕێکاری یاسایی بۆ تێکەڵبوونەوەی دیموکراتیک بگیرێتە بەر.


تولای حاتیمۆغولاری وەڵامی هەڕەشەکانی دەوڵەت باخچەلی دایەوە کە دژی قەسەدە کردبووی، و وتی: زمانی هەڕەشە ئاشتی لە ناوچەکە درووست ناکات، پێویستە تورکیا ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت، نەک وەک وەزیری بەرگری هەڕەشە لە خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکات.


سەبارەت بە دۆخی سووریاش، وتی: حکومەتی کاتی لە دیمەشق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، هیوادارین چارەسەرێکی سیاسی لێ بکەوێتەوە، ئێمە فشارەکان بۆ سەر عەلەوییەکان و داواکاری ڕادەستبوونی خۆبەڕێوەبەری بە حکومەتی کاتی قبوڵ ناکەین، چونکە ئەمە پێچەوانەی بنەمای یەکسانییە.

 

 




;