بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر راگەیاند، کە سەرەتا دوو لە تۆمەتبارەکان لەسەر دزیکردن دەستگیر کرابوون.
ئەمڕۆ سێشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد کە بنکەی پۆلیسی خورماڵ سەرەتا دوو تۆمەتباری بە ناوەکانی (پ. ئـ. م) تەمەن 28 ساڵ و (م. ع. ئـ) تەمەن 26 ساڵ بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیر کردبوو.
پۆلیسی هەڵەبجە ڕوونی کردەوە، دوای گومانلێکردنیان ڕەوانەی پزیشکی دادی هەڵەبجە کراون و لە ئەنجامی پشکنیندا دەرکەوتووە کە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن، بۆیە بە بڕیاری دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بەپێی مادەی 30ـی هۆشبەر بۆ کرایەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ دوو تۆمەتبارەکە، توانرا ئەو کەسەش ئاشکرا بکرێت کە ماددەکەی پێ فرۆشتوون. تۆمەتبارەکە ناوی (ڕ. ن. ع)ـە و تەمەنی 26 ساڵە، لە دەرەوەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن بنکەی پۆلیسی خورماڵەوە بەپێی مادەی 26ـی هۆشبەر دەستگیر کرا.
پۆلیسی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش داوە کە سەرجەم تۆمەتبارەکان دانیشتووی دەرەوەی سنووری پارێزگای هەڵەبجەن و بە بڕیاری دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوەکە و تۆمەتبارەکان ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور کران بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.
