وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات پێویستە واشنتن گەرەنتی سەلامەتی گیانی مادورۆ و هاوسەرەکەی بکات.
ڕۆژی یەکشەممە، 4ـی کانوونی دووەم، وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند: داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەین دەستبەجێ ''نیکۆلاس مادورۆ'' سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی ئازاد بکات هەروەها پێویستە ئاڵۆزییەکانی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە چارەسەر بکرێن.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: پرۆسەی دەستگیرکردن یان دیپۆرتکردنەوەی مادورۆ لەلایەن ئەمریکاوە، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و نۆرمە دیپلۆماسییەکانە.
ئەم هەڵوێستەی پەکین لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و کاراکاس گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا و چینیش وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی ڤەنزوێلا، داوای گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتان دەکات.
