Apora Logo

وەزیری بەرگری ڤەنزوێلا: دانوستان ناکەین و سازش ناکەین، سەردەکەوین

وەزیری بەرگری ڤەنزوێلا: دانوستان ناکەین و سازش ناکەین، سەردەکەوین

ئاپۆرا نیوز- بەشی هەواڵ

3/1/2026

ڤلادیمێر پادرینۆ لۆپێز، وەزیری بەرگری ڤەنزوێلا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی دانوستان ناکات و دان بەوەدا نانێت و سەرکەوتن بەسەر دەستدرێژییەکانی ئەمریکادا بەدەست دەهێنێت، ئاماژەی بەوەشکرد، گەل یەکگرتووە و بەرەنگاری ئەم دەستدرێژییە دەبێتەوە.


وەزیری بەرگری ڤەنزوێلا گوتیشی، ئێمە تووشی هێرش و دەستدرێژی ئەمریکا بووین، گەورەترین هێرشە کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی بووبێتەوە، جەختیشی لەوەکردەوە کە دانوستان ناکەین و خۆمان بەدەستەوە نادەین و لە کۆتاییدا سەردەکەوین.


ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە گەلەکەمان و هیچ سازشێک لەسەر ئازادی و سەربەخۆیی ڤەنزوێلا ناکرێت، گوتیشی کە "هیچ سازشێک لەسەر ئازادی و سەربەخۆیی ڤەنزوێلا ناکرێت و دەبێت یەکگرتوو بین بۆ سەرکەوتن لەم ساتانەدا".


ڕوونیشیکردەوە، "دوژمن هەوڵدەدات ترس و دڵەڕاوکێ و ئاژاوە لە وڵاتەکەماندا بڵاوبکاتەوە، ئێمەش بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان و بەرگریکردن لە زێدی خۆمان لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکدا"، ئاماژەی بەوەشکرد، "نابێت ئێمە ڕابکێشرێتە ناو ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە دوژمن هەوڵی پاڵنانی ئێمە دەدات بۆی".


ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "کۆکردنەوەیەکی گشتیمان لەناو هێزە چەکدارەکاندا ڕاگەیاندووە، هەمووان کار بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتی دەکەن. هەماهەنگی هەیە بۆ بەرگریکردن لە خاکی ڤەنزوێلا، ئامانجیش ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ئیمپریالیزمە".


ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستگیرکردنی مادۆرۆ و هاوسەرەکەی سەرۆکی ڤەنزوێلا و دوورخستنەوەیان لە وڵاتەکەی ڕاگەیاند.


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکان بە سەرکەوتوویی هێرشێکی بەرفراوانی بۆسەر ڤەنزوێلا و سەرۆکەکەی، سەرۆک نیکۆلاس مادورۆ، ئەنجامدا. مادورۆ و هاوژینەکەی دەستگیرکران و لە وڵات برانە دەرەوە."



;