وەزیری دەرەوەی ئێران، ئیدانەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران، بە "بێباکانە و مەترسیدار"، وەسفی دەکات.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پلاتفۆرمی "X"، نووسیویەتی" پەیامەکەی ترەمپ کە پێدەچێت لە ژێر کاریگەری ئەو کەسانەدا بێت کە ترسیان لە دیپلۆماسی هەیە یان بە هەڵە پێیان وایە پێویست نییە، "بێباکانە و مەترسیدارە"، جەختی لەوەشکردەوە کە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران "زۆربەی ئاشتیانە"یە.
ئەم لێدوانە دوای ئەوەهات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کرد و گوتی، "ئەگەر ئێران بە شێوەیەکی تووندوتیژ خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز بکوژێ، کە ئەمە نەریتی ئەوانە، ئەوا ئەمریکا بە هانایانەوە دەچێت، ئێمە چەک بەدەست و ئامادەین بۆ جووڵە."
لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ و بەشێکی دیکە لە بەرپرسانی واشنتۆن کرد و رایگەیاند، "ئەم جۆرە هەڵوێستە نابەرپرسانە درێژەی هەمان رەفتاری زۆردارانە و نایاسایی ئەمریکایە بەرامبەر گەلی ئێران، کە نەک تەنیا پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانییە، بەڵکو هاندانە بۆ تووندوتیژی و تیرۆر دژی هاووڵاتییانی ئێران."
هاوکات ئیسماعیل باغایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند؛ ئێرانییەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و کارلێک لە نێوان خۆیاندا، چارەسەری کێشەکانیان دەکەن و ڕێگە بە هیچ جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی نادەن.
لای خۆیەوە عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری مەزنی ئێران جەختیلەوەکردەوە کە ترەمپ دەبێ درک بەوە بکات کە دەستێوەردانی ئەمریکا لە پرسی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان، بە واتای بڵاوکردنەوەی پشێوی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا دێت.
لە گۆڕەپانی رووداوەکاندا، دۆخەکە گرژیی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە. میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران (وەک فارس نیوز) کوژرانی شەش کەسیان لە پێکدادانەکانی ئەم هەفتەیەدا راگەیاندووە.
ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ئێران هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی ئەو بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەی کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 دوای مردنی ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەری پۆلیسی ئەخلاقدا وڵاتی هەژاند، کە گۆڕا بۆ گەورەترین شەپۆلی ناڕەزایەتی جەماوەری کە بۆ ماوەی چەند مانگێک بەردەوام بوو و سەدان کوژرانی لێکەوتەوە.
بەڵام پێوەرە مەیدانییەکانی ئێستا لەڕووی کات و داینامیکییەوە ڕێگایەکی جیاواز نیشان دەدەن، بەو پێیەی جوڵەکان وردە وردە بەرەو شارە بچووکەکان دەڕۆن، لەگەڵ گەڕانەوەی ناڕەزایەتییەکانی شەوانە و فراوانبوونی دەستگیرکردن و ڕووماڵکردنی ئەمنی، ئەمەش وا دەکات زۆر زوو بێت بۆ دیاریکردنی سەقفی کۆتایییان یان ڕەتکردنەوەی ئەگەری گواستنەوە بۆ قۆناغێکی فراوانتر بەپێی پەرەسەندنی کارلێکی دەسەڵات لەگەڵیان لە ماوەی داهاتوودا.
