بەهۆی ئەو بارودۆخ و قەیرانەی ئەو وڵاتەی گرتۆتەوە، حكومەتی ئێرانی سوپای وڵاتی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێزە چەكدارە بەهێزەكانمان لە ئامادەباشیدان و بە تەواوی دەزانن لە كوێدا بكەنە ئامانج ئەگەر سەروەری وڵاتەكەی پێشێل بكرێت.
(عەباس عێراقچی) لە ئێكس نووسیویەتی، ئەوانەی لە ئێران كە بەهۆی هەڵاوسانی كاتی نرخی ئاڵوگۆڕی دراوەوە كاریگەرییان لەسەر بووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەكی ئاشتیانە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە، هەروەك مافی خۆیانە.
ئاماژەی بەوەشكرد: جگە لەوەش شاهیدی حاڵەتی ئاژاوەی توندوتیژیش بووین، لەوانە هێرشكردنە سەر بنكەكانی پۆلیس و فڕێدانی مۆلۆتۆڤ بەسەر ئەفسەرانی پۆلیسدا، ترامپ كە لەم دواییانەدا پاسەوانی نیشتمانی لە سنوورەكانی ئەمریكا جێگیر كرد، لە هەموو كەس باشتر دەزانێت كە هێرشی تاوانكاری بۆ سەر موڵكی گشتی قبووڵ ناكرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: هەر لەبەر ئەمەشە پەیامی ئەمڕۆی ترامپ كە پێدەچێت لە ژێر كاریگەری ئەو كەسانەدا بێت كە ترسیان لە دیبلۆماسی هەیە یان بە هەڵە پێیان وایە دیبلۆماسی پێویست نییە، ئەوەندە نابەرپرسیارانەو مەترسیدارە.
