Apora Logo

دوای ڕووداوەکەی "کۆرنیش"، پۆلیسی بەسرە دەستگیرکردنی 45 کەس ڕاگەیاند

دوای ڕووداوەکەی "کۆرنیش"، پۆلیسی بەسرە دەستگیرکردنی 45 کەس ڕاگەیاند

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

2/1/2026

فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بەسرە دەستگیرکردنی 45 کەسی بە تۆمەتی گێچەڵی سێکسی و هەراسانکردن و تەقەکردن و هەڵدانی یاری ئاگرین لە شەوی سەری ساڵدا ڕاگەیاند. 


ڕۆژی هەینی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای بەسرە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بەسرە ئەرکی مەیدانی چڕوپڕی لە چوارچێوەی پلانی ئەمنیی خۆیدا ئەنجامداوە بۆ دەستەبەرکردنی شەوی سەری ساڵ، لەو ماوەیەدا (45) کەس بە تاوانی پێشێلکردنی ئەخلاقی گشتی و ڕەوشتی گشتی دەستگیرکراون، هەروەها بەهۆی تێوەگلان لە حاڵەتەکانی هەراسانکردن، جگە لە تەقەکردن و بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان بە شێوەیەکی بێباکانە".


ڕوونیشیکردەوە، "ئەو ڕێوشوێنانە لە ڕێگەی جێگیرکردن و چاودێریکردنی مەفرەزەکانی پۆلیس لە ژمارەیەک ناوچەدا گیراوەتەبەر، کە ڕێوشوێنی یاسایی دروستیان بەرامبەر گیراوەتەبەر، بەو پێیەی سەرجەم مەفرەزەکانی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بەسرە لە شەوی سەری ساڵدا کۆکراونەتەوە، بۆ ئەوەی سەرجەم ناوچەکانی پارێزگاکە پارێزراو بن سەرەڕای ڕووبەرە بەرفراوانەکەی". 


پێشتر ئەسعەد عیدان پارێزگاری بەسرە دەستگیرکردنی 17 کەسی ڕاگەیاند دوای ڕووداوی هەراسانکردن لەسەر کۆرنیشی پارێزگاکە لە شەوی سەری ساڵدا.


;