Apora Logo

سویسرا: بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ئاهەنگی سەری ساڵ نزیکەی 40 کەس گیانیان لەدەستدا

سویسرا: بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ئاهەنگی سەری ساڵ نزیکەی 40 کەس گیانیان لەدەستدا

لە کاتی ئاهەنگەکانی پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ لە ناوچەیەکی گەشتیاریی سویسرا، ئاگرێکی گەورە لە کافتریایەک کەوتەوە و بەهۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش برینداربوون.

1/1/2026

دەسەڵاتدارانی سویسرا رایانگەیاند، روداوەکە لە سەعات 01:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە باڕی "لی کۆنستەلەیشن" لە ناوچەی کرانس-مۆنتانا رویداوە، کە یەکێکە لە شوێنە بەناوبانگەکانی خلیسکێنەی سەر بەفر و گەنجان رووی تێدەکەن.


وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی پۆلیسی سویسرا بڵاویکردەوە، مەزندە دەکرێت نزیکەی 40 کەس لەو ئاگرەدا گیانیان لەدەستدابێت، ناسینەوەی قوربانییەکانیش رەنگە چەند هەفتەیەکی پێ بچێت.


 هاوکات زیاتر لە 100 کەس بریندارن کە برینی زۆربەیان سەختە و توشی سوتاوی بون.


سەبارەت بە هۆکاری ئاگرەکە، دوو گەشتیاری فەرەنسی بەناوی ئێما و ئەلبان کە لەو کاتەدا لەوێ بوون بە میدیاکانیان راگەیاندووە، یەکێک لە کارمەندەکان مۆمی ئاهەنگگێڕانی لەسەر بوتڵی شەراب (شەمپانیا) داناوە و بەرزیکردۆتەوە، بەهۆی ئەوەی سەقفەکە لە دار دروستکراوە و نزم بووە، راستەوخۆ ئاگری گرتووە.


شایەتحاڵەکان دەڵێن: "لە چەند چرکەیەکدا ئاگرەکە تەواوی شوێنەکەی گرتەوە، دار بوو بۆیە زوو گڕی گرت، نزیکەی 200 کەس هەوڵیان دەدا لە ماوەی 30 چرکەدا لە رێگەی پلیکانەیەکی زۆر تەسکەوە لە نهۆمی سەرەوە را بکەن، رزگاربوونمان موعجیزە بوو".


دەسەڵاتدارانی سویسرا 10 کۆپتەر و 40 ئەمبوڵانس و 150 کارمەندی فریاکەوتنیان رەوانەی شوێنی روداوەکە کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و گواستنەوەی قوربانییان.


;