ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵی 2025دا، رایگەیاند تەنیا لە ماوەی ئەم ساڵەدا، سزای سێدارەی 1858 بەندکراو جێبەجێ کراوە، کە بەراورد بە ساڵی پێشووتر زیادبوونێکی 100٪ی پێشان دەدات.
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە ساڵی 2025دا ژمارەی لەسێدارەدرانەکان لە بەندیخانەکانی ئێراندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لە کاتێکدا لە ساڵی 2025دا 909 کەس لەسێدارە درابوون، ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2025دا بۆ 1858 کەس بەرز بووەتەوە، کە دەکاتە زیاتر لە 100٪ زیادبوون.
وردەکاریی ئامارەکان دەری دەخەن کە لە نێو لەسێدارەدراوەکاندا، 55 ژن و لانی کەم یەک منداڵ هەبوون. هەروەها حکوومەتی ئێران سزای سێدارەی 11 کەسی لە شوێنە گشتییەکاندا جێبەجێ کردووە و 81 بەندکراویش بە شێوەی نهێنی و بێ ئەوەی مافی دواهەمین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبێت، لەسێدارە دراون. میدیا فەرمییەکانی حکومەت تەنیا هەواڵی 75 حاڵەتیان بڵاو کردووەتەوە.
سەبارەت بە هۆکاری سزادانەکان، زۆرترین ڕێژە پەیوەندی بە تۆمەتەکانی "کوشتنی بە ئەنقەست" (915 کەس) و "ماددە هۆشبەرەکان" (852 کەس)ەوە هەیە. هاوکات 43 بەندکراو بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی، مەزهەبی و سیخوڕی لەسێدارە دراون.
لە ڕووی دابەشبوونی نەتەوەییەوە، زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدراوەکان لە نێو پێکهاتەی فارس (506 کەس) بووە و دوای ئەوە هاووڵاتییانی کورد بە 264 حاڵەت لە پلەی دووەمدا دێن. هەروەها 239 لۆڕ، 164 تورک، 142 بەلووچ، 92 گیلەک و 73 عەرەب لە نێو لیستی لەسێدارەدراوەکاندان. هاوکات 85 هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستانیش لەم ساڵەدا لە ئێران لەسێدارە دراون.
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو لە ساڵی 2025دا، 74 هاووڵاتیی مەدەنی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون. لە ناو بەندیخانەکانیشدا 59 بەندکراو بە هۆکاری جیاواز گیانیان لەدەست داوە.
لە بواری دەستبەسەرکردنەکاندا، ناسنامەی 1552 هاووڵاتی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، ئاشکرا بووە. دادگاکانیش سزای توندیان بەسەر چالاکانی مەدەنیدا سەپاندووە؛ بە جۆرێک 454 چالاکی سیاسی سزای بەندکران و لێدانی قامچییان بۆ دەرچووە و 24 چالاکی سیاسی و ناڕازییش لەسێدارە دراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، پاشماوەکانی جەنگ و مینە چێندراوەکان هێشتا مەترسین بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان و لەم ساڵەدا 46 کەس بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین و ماددە تەقەمەنییەکان.
لە لایەکی دیکەوە، توندوتیژیی خێزانی ئامارێکی دڵتەزێنی تۆمار کردووە، کە تێیدا 207 ژن لەلایەن ئەندامانی پلە یەکی خێزانەکانیانەوە کوژراون. هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە کوژرانی ئەندامێکی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە کردووە، کە تیشک دەخاتە سەر دۆخی سەختی ئەو چینە لە کۆمەڵگای ئێراندا.
