Apora Logo

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥دا ژمارەی سکاڵاکان بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤ بە رێژەی ٣٥٪ کەمی کردووە

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥دا  ژمارەی سکاڵاکان بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤ بە رێژەی ٣٥٪ کەمی کردووە

ئـاپـۆڕانیوز-بـەشی هەواڵ

1/1/2026

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥دا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە ژمارە و ئەنجامی ئەو سکاڵایانەدا بەخۆیەوە بینی کە ئاراستەی کراون. بەپێی ئامارەکان، ژمارەی سکاڵاکان بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤ بە رێژەی ٣٥٪ کەمی کردووە و زۆرینەی هەرە زۆری سکاڵاکانیش رەتکراونەتەوە.

ئامارە سەرەکییەکانی ساڵی ٢٠٢٥:

کۆی گشتیی سکاڵاکان: ١٨٠ سکاڵا (لە کاتێکدا لە ٢٠٢٤دا ٢٣٩ سکاڵا بووە).

سکاڵا رەتکراوەکان: ١٥٦ سکاڵا (٨٦.٦٪)، کە زۆربەیان بە پاساوی "نەبوونی پسپۆڕی و تایبەتمەندی" بووە.

سکاڵا پەسندکراوەکان: تەنیا ٦ سکاڵا (٣.٣٪) بڕیاری نادەستووریبوونیان بۆ دەرچووە.

سکاڵا پووچەڵکراوەکان: ١٨ سکاڵا (١٠٪) لەلایەن سکاڵاکاران خۆیانەوە کێشراونەتەوە.

هۆکارەکانی گۆڕانکارییەکان:

شارەزایانی یاسایی و چاودێران ئاماژە بە دوو هۆکاری سەرەکی دەکەن بۆ کەمبوونەوەی سکاڵاکان و زیادبوونی رێژەی رەتکردنەوە:

١. گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتی دادگە: دوای خانەنشینبوونی دادوەر (جاسم محەممەد عەبوود) لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ بەهۆی باری تەندروستییەوە، دادوەر (مونزر ئیبراهیم حوسێن) وەک سەرۆکی نوێ دەستبەکار بوو، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاراستەی کارەکانی دادگەکە هەبووە.

٢. هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ: لە ئەیلوولی ٢٠٢٥دا، پەیڕەوی ناوخۆی دادگەکە هەموار کرایەوە و مادەکانی لە ٥٣ مادەوە کەمکرانەوە بۆ ٢٤ مادە. لەم هەموارەدا بەشێک لەو بوارانە لابران کە پێشتر دەکرا سکاڵایان لەبارەوە تۆمار بکرێت، ئەمەش بووەتە هۆی بەرتەسککردنەوەی دەسەڵاتی وەرگرتنی سکاڵاکان.

بەراوردکاری لەگەڵ ساڵی ٢٠٢٤:

لە ساڵی ٢٠٢٤دا، دادگەی فیدراڵی رێژەیەکی زیاتری بڕیاری لە بەرژەوەندیی سکاڵاکاران دابوو (٩.٢٪)، لەکاتێکدا لە ٢٠٢٥دا ئەم رێژەیە بۆ ٣.٣٪ دابەزیوە. هەروەها رێژەی رەتکردنەوە لە ٧٩.٤٪ـی ساڵی ٢٠٢٤ەوە بۆ ٨٦.٦٪ لە ساڵی ٢٠٢٥ بەرزبووەتەوە.

;