مارک ساڤایا، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا لە عیراق، بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە پەیامێکی پیرۆزبایی و هۆشداریی ئاراستەی گەلی عیراق و لایەنە جیاوازەکان کردوە، پەیامەکە بە ئینگلیزی و عەرەبییە و تێیدا جەخت لەسەر قۆناغێکی نوێی سەقامگیری و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و چەکی بێ مۆڵەت دەکاتەوە.
لە پەیامەکەیدا هاتووە؛ هێز و خۆڕاگری گەلی عیراق سەرچاوەی ئیلهامە بۆ جیهان و ساڵی نوێ دەبێتە ساڵی سەقامگیری بۆ هەموو عیراقییەکان.
ناوبراو جەختیکردوەتەوە، بۆ دابینکردنی داهاتوەیەکی گەش، کارکردن لەگەڵ حکومەتی عیراق تەنیا لە چوارچێوەی دەستور و یاسادا دەبێت و لیستێکی وردی ئەو کێشە و گرفتانەشی خستوەتەڕوو، کە بڕیارە لە ساڵی 2026 دا کۆتاییان پێ بهێنرێت.
نێردەکەی ترەمپ، نوسیویەتی؛ کۆتایی هێنان بە ناسەقامگیری، چەکی بێ مۆڵەت، گروپە چەکدارەکان، گرژییە ناوخۆییەکان و دەستوەردانی دەرەکی لەو کارانە دەبێت کە دەبێت لە ساڵی نوێدا کۆتاییان پێبهێندرێت.
هەروەها بنبڕکردنی گەندەڵی، سپیکردنەوەی پارە، گرێبەستە وەهمییەکان، دزی و فێڵکردن لە یاسا و لەگەڵ چارەسەرکردنی بێکاری، هەژاری، نەخوێندەواری، کەمیی خزمەتگوزارییەکان، نادادی و ستەمیشی ئاماژە پێکردوە.
مارک ساڤایا ئەو کەسانەشی لە بیرنەکردوە، کە گەندەڵن و دەستیان لە گەندەڵیدا هەیە و دەڵێت؛ ئەم پەیامە بۆ ئەو کەسانەیە کە لەسەر خاکی عیراق دەستیان هەیە لە گەندەڵیدا؛ کاتی ئەوان کۆتایی هات و ئێستا کاتی عیراق و عیراقییەکانە.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا مارک ساڤایا نوسیویەتی؛ "ئێمە ئێستا دەست پێ دەکەین" و ئاڵای عیراق بە بەرزی دەمێنێتەوە و وڵات دەبێتە جێگەی شانازی بۆ هەمووان
