دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد" داوا لە خۆپیشاندەرانی ئێران دەکات بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی خۆیان چڕتر بکەنەوە، جەختیشی لەوەکردەوە کە "لە سەر زەوی" لەگەڵیاندایە، ئەمەش لە کاتێکدایە خۆپیشاندانەکان ڕۆژی سێشەممە لایەنیکەم بۆ 10 زانکۆ فراوانتر بوون.
دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لە پەیامێکدا کە بە زمانی فارسی لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە لە پلاتفۆرمی "X" بڵاویکردۆتەوە دەڵێت، پێکەوە بچنە دەرەوە بۆ سەر شەقامەکان، کاتی ئەوە هاتووە، ئێمە لەگەڵتانین، ئاماژەی بەوەشکردووە، "نەک تەنها لە دوورەوە یان بە وشە، بەڵکو لەسەر زەویش لەگەڵتانین".
ئەم بانگەوازە دوای دانوستانەکانی ئەم هەفتەیە دێت لە نێوان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لێدانی زیاتری لە ئێرانکرد ئەگەر بەرنامە ئەتۆمی یان موشەکی بالیستیکیەکانی بنیات بنێتەوە.
ئێران چەندین جار ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئۆپەراسیۆنی تێکدەرانە دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی و تیرۆرکردنی زانا و کارمەندانی سەربازی و سیاسەتمەدارانی سەر خاکەکەی ئەنجام دەدات.
له ماوەی ساڵانی ڕابردوودا مۆساد دەیانجار توانیویەتی بچێتە نێو پایەکانی دەسەڵات لە ئێران.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025 ئیسرائیل هێرشێکی بێ وێنەی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و شوێنە سەربازی و ئەتۆمیەکان و هەروەها ناوچە نیشتەجێبووەکانی کردە ئامانج.
ڕۆژی سێشەممە، بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و خراپبوونی بژێوی ژیان، لایەنیکەم لە 10 زانکۆ بەشداری خۆپیشاندانی قوتابیان بەڕێوەچوو، هاوکات مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران داوای گوێگرتنی لە "داواکارییە ڕەواکان"ی خۆپیشاندەران کرد.
بەڵام شەپۆلی ئێستای ناڕازیەتییەکان لەسەر گرانی تێچووی ژیان، هێشتا لەم قۆناغەدا زۆر بەرتەسکترە بە بەراورد بەو ناڕەزایەتییە بەربڵاوانەی کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022دا لە دوای مردنی ژینا ئەمینی زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە.
