لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 1ی ساڵی 2026 خانەنشینان دەکرێت، لە هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا مووچەخۆران مووچەی مانگی 10یان وەرنەگرتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە دەستەی گشتی خانەنشینی، تەواوبوونی ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی خانەنشینان بۆ مانگی 1ی 2026 ڕاگەیاند.
لەم بارەیەوە حوسام عەبدولسەتار، یاریدەدەری سەرۆکی دەستەی گشتی خانەنشینیی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "دەستەکە هەموو ڕێکارە کارگێڕی و داراییەکانی تایبەت بە خەرجکردنی موچەی خانەنشینانی بۆ مانگی یەكی داهاتو کۆتایی پێهێناوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "داتاکانی تایبەت بە موچە بۆ بانکە باوەڕپێکراوەکان نێردراون، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی دابەشکردنی موچە بە شێوەیەکی پلەبەندی و بەپێی ئەو میکانیزمانەی کە کاریان پێ دەکرێت".
دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی عێراق لە کاتێکدایە، تا ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچە مانگی 10یان بە تەواوی وەرنەگرتووە، ئەمە جگە لەوەی چارەنوسی مووچەی مانگەکانی 11 و 12/ 2025ش، نادیارە.
