کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو ڕاگەیاند، بەپێی پێشبینییەکان شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە و پلەی گەرما لە سەنتەری پارێزگاکان بۆ ژێر سفر نزم دەبێتەوە.
ڕۆژی سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەم، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئاسمانی هەرێم بە گشتی ساماڵ و سارد دەبێت، لەگەڵ هەبوونی هەندێک پەڵە هەور، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان ئاسمان نیمچە هەور دەبێت.
بۆ ئەمشەو، پێشبینی دروستبوونی شەختە و بەستن لە ناوچە شاخاوییەکان دەکرێت و پلەکانی گەرما لە سەنتەری پارێزگاکان بۆ خوار سفر پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
هەروەها بۆ ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی کانوونی یەکەم، کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات کە سبەی کەشوهەوا سارد و نیمچە هەور دەبێت. لە دوای نیوەڕۆوە، شەپۆلێکی بەفر بارین ڕوو لە بەشێک لە ناوچەکان دەکات، لەوانە: سنووری پارێزگای دهۆک، ئیدارەی زاخۆ، مێرگەسوور، ئامێدی، سنووری ئیدارەی سۆران، بەشێک لە ئیدارەی ڕاپەڕین و چیای سەفین لە پارێزگای هەولێر.
بڕی بەفری پێشبینیکراو لە نێوان 5 بۆ 10سم دەبێت. هاوکات لەگەڵ زیادبوونی کاریگەری شەپۆلەکە، ئەگەری نمە بارانی تێکەڵ بە بەفر لە ناوچە جیاجیاکانی دیکە هەیە. مەودای بینین لە کاتی بەفرباریندا بۆ کەمتر لە یەک کیلۆمەتر کەمدەبێتەوە.
بەرزترین پلەی گەرما بۆ سبەی چوارشەممە:
هەولێر: 7 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 5 پلەی سیلیزی
دهۆک: 3 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 4 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 5 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 9 پلەی سیلیزی
