سەردانەکەی مەزڵوم عەبدی بۆ دیمەشق دواخرا هەسەدەش هۆکاری دواخستنەکە بۆ کێشەیەکی تەکنیکی دەگێڕێتەوە.
هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات-هەسەدە لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا کۆببێتەوە، بەڵام سەردانە دواخرا، هەسەدەش هۆکارەکەی بۆ کێشەیەکی تەکنیکی گەڕاندەوە، ڕاشیگەیاند؛ دواتر وادەی نوێ بۆ کۆبوونەوەکە دیاریدەکرێت.
سەردانەکە بە مەبەستی تیشک خستنەسەر هەوڵەکان بوو بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەتی نوێی دیمەشق لەوانەش وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، چونکە دوا وادە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئازار، کە لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و حکومەت واژۆ کراوە تێپەڕیوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هەسەدە ڕوونیکردووەتەوە "ئەم دواخستنە لە چوارچێوەی ڕێکخستنە لۆجستی و تەکنیکییەکانی پەیوەست بە سەردانەکەوە دێت، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە پرۆسەی پەیوەندیکردن یان ئەو ئامانجانەی کە دانراون بگۆڕێت".
ڕۆژی 25ی کانونی یەکەم، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند کە "لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش و هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندی گشتی، سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانمان لە گەڵ سوپای سوریا بەدی هاتووە".
عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر هەنگاوێکی داهاتوو بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگیرێتەبەر، بە شێوەیەک کە مافی هەموو پێکهاتەکان زامن بکات و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی سوریا بە گشتی بکات".
