ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمانی عێراق خولی شەشەمی دانیشتنی خۆی بە سوێندخواردنی ئەندامانی تازە هەڵبژێردراو دەستپێدەکات، دواتر سەرۆکی پەرلەمان و هه‌ردوو جێگرەکەی هه‌ڵده‌بژێرێت، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه سوننه‌كان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌شبون.
چوار لایەنی سەر بە ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانیی سوننه‌كان ڕێککەوتن لەسەر کاندیدکردنی هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی بۆ سەرۆکایەتی په‌رله‌مان، هاوکات هاوپەیمانی عەزم کە یەکێکە لە پێکهاتەکانی ئەنجومەنه‌كه، پابەندبوونی خۆی بە کاندیدەکەی، موسه‌ننا سامەرایی دوپاتکردەوە.
خه‌میس خەنجەر، سەرۆکی پارتی سیاده لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە درەنگانی شه‌وی رابردو بەڕێوەچو، ڕایگەیاند، زۆرینەی ڕەهای لایەنەکانی سەر بە ئەنجومەنی سیاسی ڕێککەوتون لەسەر کاندیدکردنی هه‌یبه‌ت حەلبوسی، داوای لە هاوبەشەکانی پرۆسەی سیاسی کرد کە ئەو بژاردەیە قبوڵ بکەن و دەنگ بە کاندیدی ئەنجومەنەکە بدەن لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا.
لە بەرامبەردا موسەننا سامەرائی سەرۆکی هاوپەیمانی کاندیدبوونی فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ڕاگەیاند، جەختیشی کردەوە، هەر کاندیدێک لەدەرەوەی پرەنسیپی "تەوافوق" ڕابگەیەنرێت، نوێنەرایەتی ئیرادەی ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی پێکهاتەی سوننە ناکات.
د. سەلاح دلیمی، ئەندامی هاوپەیمانی عه‌زم بە رۆژنامه‌ی سەباح-ی ڕاگەیاند، "هاوپەیمانی عه‌زم پابەند بوە بەو مەرجانەی لایەنەکانی سەر بە ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی لەسەری ڕێککەوتون، لەوانەش کە کاندیدی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەبێت بە تایبەتی لە سەرکردەکانی بلۆکە سیاسییەکان بێت، کە زۆرترینی دوو کاندید بێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، کاندیدکردنی هه‌یبه‌ت حەلبوسی "کودەتا"یه لە دژی ڕێککەوتنەکە، کە بەرژەوەندییە حزبییەکان لە پێشینەی بەرژەوەندییەکانی پێکهاته‌ی سوننه‌وه داناوه.
پێشتر هاوپەیمانی عه‌زم ڕەتیکردبوەوە، کە کاندیدکردنی سەرۆکەکەی موسه‌ننا سامه‌ڕایی کشابێتەوە و جەختی لەوەکردەوە کە پشتیوانی لە تاکە کاندیدی خۆیان ده‌كه‌ن بۆ سەرۆکی پەرلەمان.
ئه‌مڕۆ دوشەممە یەكەمین كۆبونەوەی پەرلەمانی نوێی عێراق بەڕێوەدەچێت و بەگوێرەی دەستور پێویستە سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، كە لە دوای 2003ـەوە پشكی سوننەكانە و دواخستن هەڵناگرێت.
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری جەختی لەوە کردەوە، دەبێت دانیشتنەکە بە یەکلاکردنەوەی ناوی سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکانی کۆتایی بێت و هۆشداریشیدا کە هەر دواخستنێک بە سەرپێچییەکی ئاشکرای دەستوور دادەنرێت.
