دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "پێشکەوتنی گەورە" لە وتووێژەکانی لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە هاوینەهەواری مار ئا لاگۆ ئەنجامدراوە.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای دیدارەکەی لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئێمە زۆر نزیک دەبینەوە"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەنجامی دانوستانەکان لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا بزانرێت.
ترەمپ وتیی؛ پێموایە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بە شێوەیەک یان شێوازێکی تر دەزانین کە ئایا دانوستانەکان بەرهەمدار بوون یان نا، ئاماژەی بەوەشکرد کە دانوستانەکان "زۆر قورس بوون".
کاتێک پرسیاری لەبارەی ئەگەری سەردانێک بۆ ئۆکرانیا، ترەمپ ڕەتینەکردەوە و وتی "پێشنیارم کرد بچمە ئەوێ و قسە لەگەڵ پەرلەمانەکەیان بکەم".
لای خۆیەوە ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەکانی ئەوروپا ڕایگەیاند، لە میانی گفتوگۆکاندا پێشکەوتنی بەرجەستە بەدیهاتووە و جەختی لەسەر پێویستی دابینکردنی گەرەنتی ئەمنی بەهێز بۆ ئۆکرانیا کردەوە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای ئێکس نووسیویەتی: "ئەوروپا ئامادەیە بەردەوام بێت لە کارکردن لەگەڵ ئۆکرانیا و هاوبەشە ئەمریکییەکانمان بۆ بنیاتنانی ئەم پێشکەوتنە. دابینکردنی گەرەنتی ئەمنی بەهێز لە سەرەتاوە لەم هەوڵەدا زۆر گرنگە."
