سودانی دەڵێت دوو بژاردە لەبەردەم گروپەچەکدارەکانە یان ئەوەتا دەچنە ناو سیاسەت یانیش دەچنە ژێر ڕکێفی دەوڵەتەوە، ئەوەش خواستی دەوڵەتی عێراقە نەک ئەمەریکا و دەرەوە، دەشڵێت بەم نزیکانە هاوپەیمانان عەین ئەسەد و هەریریان ڕادەستدەکەنەوە
محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیدارێکی میدیاییدا ڕایگەیاند: عێراق پابەندە بە سنوردارکردنی چالاکی گروپەچەکدارەکان و ئەو گروپانە دوو بژاردەیان لەبەردەمە، یان ئەوەتا دەچنە نێو کایەی سیاسی و بەشداری سیاسەت دەکەن یانیش ئەوەتا دەچنە ژێر ڕکێفی دەوڵەتەوە و تێکەڵ بە هێزە فەرمییەکان دەبن، چونکە زۆرینەیان نوێنەرایەتییان لە پەرلەمان هەیە و متمانەی دەنگدەرە عێراقییەکانیان بەدەستهێناوە.
وتیشی، ئاشکرایە حەشدی شەعبی گروپێکی دژەتیرۆرە و شەڕی تیرۆری کردوە، سنوردارکردنی کاری گروپەچەکدارەکان و ڕێکخستنیشیان خواستێکی دەوڵەتی عێراقە و لە پەرلەمان دەنگی لەسەردراوە و بۆ بە دامەزراوەییبوونە نەک بەجێهێنانی خواستی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەبێت.
لەبارەی ئەرکی هاوپەیمانانەوە محەممەد شیاع سودانی ئاماژەی بەوەدا، کە پڕۆسەکە قۆناغ بە قۆناغ بەرەوپێش دەچێت و هەنگاوی گرنگی بڕیوە، لەو چوارچێوەیەشدا، لەم چەند ڕۆژەدا بنکەی عەین ئەسەدی ئەنباریان لە لەلایەن هاوپەیمانانەوە ڕادەست دەکرێتەوە و لە دواتریشدا بنکەی هەریریان لە هەولێر ڕادەست دەکرێتەوە.
لەوبارەیەوە سودانی قسەی زیاتری کرد و وتی، لێدوان و ئامۆژگارییەکانی مارک ساڤایا و دەستوەردانەکانی لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە قبوڵکراو نییە، چونکە ئەمەریکا پابەندی خۆی بە کشانەوە لە عێراق نیشانداوە و بەغدادیش نایەوێت بە هیچ هۆکارێک پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن تیکبچێت...
