Apora Logo

بڕیاری لەسێدارەدان بۆ تۆمەتبارێكی جینۆساید و كۆمەڵكوژی بارزانییەكان دەركرا

بڕیاری لەسێدارەدان بۆ تۆمەتبارێكی جینۆساید و كۆمەڵكوژی بارزانییەكان دەركرا

دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ یەكێك لە تۆمەتبارەكانی جینۆساید و كۆمەڵكوژی بارزانییەكان دەركرد.

28/12/2025

ئەمڕۆ یەكشەممە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە شاری بەغدا دانیشتنێکی تایبەتی بۆ دادگاییکردنی دوو تۆمەتبار بە پلەی لیوا بە ناوەکانی (شاکر تەها یەحیا غەفوور ئەلدووری) و (سەعدوون سەبری جەمیل ئەلقەیسی) ئەنجام دا کە تۆمەتبارن بە بەشداری لە کەیسی جینۆساید و کۆمەڵکوژی بارزانییەکاندا.


لە دانیشتنەکەدا شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری پارێزەر ئەیاد کاکەیی و 7 کەس لە کەسوکاری جینۆسایدکراوانی سنووری ئیدارەی سۆران ئامادە بوون.


دوای تاوتوێکردنی بەڵگەکان و وەرگرتنی گوتەی شایەتحاڵەکان، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ تۆمەتبار (شاکر تەها یەحیا ئەلدووری) دەرکرد، ئەمەش بەهۆی سەلماندنی تاوانباربوونی لە بەشداری ڕاستەوخۆ لە پڕۆسەی جینۆساید و کۆمەڵکوژی بارزانییەکاندا.


ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی گرنگی دادپەروەری بۆ کەسوکاری قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەکان هەژمار دەکرێت، کە ساڵانێکی درێژە چاوەڕوانی سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە گەورەیە دەکەن.


وێنە: دەقی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق سەبارەت بە لە سێدارەدانی تاوانبار:-



;