Apora Logo

مەسعود پزیشکیان، قەبارەی کێشەکانی وڵات بە جۆرێکە کە تەنیا بە هەوڵی کەسیی چارەسەر نابن

مەسعود پزیشکیان، قەبارەی کێشەکانی وڵات بە جۆرێکە کە تەنیا بە هەوڵی کەسیی چارەسەر نابن

ئـاپـۆڕانیوز-بـەشی هەواڵ

28/12/2025

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ ماڵپەڕی خامنەیی ڕایگەیاند کە قەبارەی کێشەکانی وڵات بە جۆرێکە کە تەنیا بە هەوڵی کەسیی چارەسەر نابن، بەڵکو پێویستیان بە یەکگرتوویی و کارکردنی بە کۆمەڵ هەیە.

پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد: چەندین جار وتوومە کە 'من' ناتوانم، بەڵکو تەنیا 'ئێمە' دەتوانین؛ کێشەکانی وڵات بەو شێوەیە نین کە من بە تەنیا بتوانم چارەسەریان بکەم، بەڵام ئەگەر پێکەوە بین، دەتوانین بەسەر هەموو سزا و فشارەکاندا زاڵ بین.

سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە یەکڕیزیی ناوخۆیی گەورەترین قەڵایە بەرامبەر دوژمنان و وتی: "ئەگەر لەگەڵ یەکتر بین، مەحاڵە دوژمنان بتوانن وڵاتەکەمان داگیر بکەن."

سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەمریکا دژی تاران، پزیشکیان وتی: ئەمریکا پلان دادەڕێژێت بۆ ئەوەی لە ماوەی ٣٦ مانگی داهاتوودا ئێران بڕوخێنێت، لەکاتێکدا پێشتر دەیانوت لە ١٢ ڕۆژدا دەڕووخێت. بەڵام دڵنیایان دەکەمەوە ئەگەر گەلی ئێران یەکگرتوو بن، تەنانەت دوای ٣٦ هەزار ساڵیش ناتوانن ئەو کارە بکەن.

لە کۆتایی قسەکانیدا، مەسعود پزیشکیان پەیوەندییەکانی ئێرانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە گرنگ وەسف کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر وڵاتانی ناوچەکە یەکدەست و هاوئاهەنگ بن، ئەوا ڕێگە بۆ ئەمریکا نامێنێتەوە کە ناوچەکە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی ئیستیغلال بکات.

;