Apora Logo

سەرۆکی ئۆکراین و سەرۆکی ئەمریکا لە فلۆریدا کۆدەبنەوە

سەرۆکی ئۆکراین و سەرۆکی ئەمریکا لە فلۆریدا کۆدەبنەوە

ئـاپـۆڕانیوز-بـەشی هەواڵ

28/12/2025

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە فلۆریدا کۆببنەوە. زێلێنسکی رایگەیاندووە، پلانی هەیە لەگەڵ ترەمپ چارەنووسی هەرێمی دۆنباس و وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا تاوتوێ بکات.

ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە روسیا بە سەدان موشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر کیێڤ و چەند ناوچەیەکی دیکە و کارەبای بەشێک لە پایتەختی بڕیوە، زێلێنسکی ئەمەی بە وەڵامی روسیا بۆ هەوڵەکانی ئاشتی وەسفکرد.

سەبارەت بە پلانی ئاشتی، سەرچاوەکان دەڵێن ئۆکراین و ئەمریکا لەسەر زۆربەی خاڵەکان رێککەوتوون و 90%ی پلانە 20 خاڵییەکە تەواو بووە، بەڵام پرسی دەستبەرداربوون لە خاک هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە.

زێلێنسکی بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی راگەیاندووە، هێشتا هیوای هەیە پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئۆکراین لە دۆنباس نەرم بکات، بەڵام ئەگەر ئەوە سەری نەگرت، دەبێت تەواوی پلانەکە بخرێتە راپرسییەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ئەوەی راپرسی ئەنجام بدرێت، دەبێت روسیا رازی بێت بە ئاگربەستێکی 60 رۆژە، بۆ ئەوەی ئۆکراین بتوانێت خۆی بۆ دەنگدانەکە ئامادە بکات، هەرچەندە راپرسییەکان دەریدەخەن دەنگدەرانی ئۆکراین رەنگە پلانەکە رەتبکەنەوە.

مۆسکۆ سوورە لەسەر ئەوەی تەواوی دۆنباس بخرێتە سەر روسیا، تەنانەت ئەو ناوچانەش کە لەژێر کۆنترۆڵی کیێڤدان، لە بەرامبەردا ئۆکراین دەیەوێت نەخشەکە لەسەر هێڵەکانی ئێستای شەڕ رابگیرێت.

هەروەها مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە دیداری زێلێنسکیدا بەڵێنی نزیکەی 1.83 ملیار دۆلار هاوکاریی زیاتری بە ئۆکراین دا و رایگەیاند، هێرشەکانی روسیا دەریدەخەن کە پوتن ئاشتی ناوێت

;