سوپای پاسدارانی ئێران، بەدرێژای نزیکەی(٦٠٠) کیلۆمەتر پەرژینی دیواربەندی هەستیار لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دروستدەکات.
کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ، بڵاویکردەوە، لەدوای ٢٤ی حوزەیران ٢٠٢٥ و کۆتایی شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئێران – ئیسرائیل، سوپای پاسدارانی ئێران دەستیکردووە بە دروستکردنی پەرژینی دیواربەندی هەستیار بە جۆرێک بەرزی دیوارەکە (٣) مەترە و ئامێری هەستیاری ئەمنی ئاگادارکردنەوە بە درێژایی دێوارەکە جێگیریکراون.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم پەرژینە بە قوڵایی نزیکەی (٢) کیلۆمەتر و بەدرێژایی نزیکەی (٦٠٠) کیلۆمەتر لە “چیای کێلەشین” لە سنوری قەزای سیدەکان تادەگات بە گوندی “چەم چەقەڵ” لە سنوری گەرمیان و لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بنیاتدەندرێت و بەشێک لە کەرەستەی بیناسازی ئەو دیوارەش لە هەڵکۆڵینی شاخەکانی هەرێمی کوردستان دابیندەکرێت.
کامەران عوسمان ڕوونیدەکاتەوە، لە ئێستادا، بەشێکی دیوارەکە لەسەر سنوری سەیران بەن و لە پشتی گوندەکانی بەهێ و شیوەگوێزان تادەگات بەگوندی مەران لەسەر سنوری پێنجوێن – ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواو بووە و بەشێکی تری دیوارەکە لە سنوری قەزای پشدەر تەواو بووە و ڕۆژانە کارکردن تیایدا بەردەوامە.
ئەمە لە کاتێکدا کە ئێران، (١٥١) بارەگای سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە و بنیاتنانی ئەو دیوارە و بەستنەوەیان بە بارەگا سەربازییەکان، مەترسی بۆسەر گیانی گوندنشینان و جوتیاران و هاووڵاتیانی مەدەنی نیشتەجێی سەر سنورەکان دروست دەکات.
کامەران عوسمان جەختیکردۆتەوە، ئەم هەنگاوە دەبێتە داگیرکردنی چیا و پێدەشتەکانی پشتی ئەو دیواربەندە، بەمەش دیفاکتۆ و ئەو ناوچانە دەچنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێران. دەبێتە هۆی شەپۆلێکی تری کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ ناو شارەکان و لاوازکردنی کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری.
سەرباری هەموو ئەمانەش، پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشوری کوردستان ناهێڵێت و دەبێتە هۆی لێکهەڵبرانی کوردانی ئەم دوو پارچەیەی کوردستان.
