یاسر سلێمان، وتەبێژی شاندی خۆبەڕێوەبەری کە دانوستان لەگەڵ دیمەشق دەکات، بە سکای نیوزی عەرەبی ڕاگەیاندووە، سەردانەکەی مەزڵوم عەبدی بۆ دیمەشق دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پرۆسەی دانوستان.
ئاماژەی بەوەشکرد: کۆبوونەوەکان لەگەڵ دیمەشق لە کۆمەڵێک پرسدا پێشکەوتن بەدەستدەهێنن، دیارترینیان مەلەفی سەربازییە.
عەبدی ئێوارەی ڕۆژی شەممە، لە کاتێکی هەستیاری سیاسی و ئەمنیدا گەیشتە دیمەشق ، لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا چڕتر دەبنەوە.
پەیامە ناکۆکەکانی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات سەبارەت بە ڕێککەوتنی مانگی ئازار
سەردانەکە دەکەوێتە چوارچێوەی چالاککردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار کە لەگەڵ حکومەتی سوریا واژۆکراوە، کە یەکەم چوارچێوەی فەرمی لێکتێگەیشتنە کە دەرگا بەڕووی گفتوگۆی قووڵدا دەکاتەوە سەبارەت بە ئایندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ڕۆڵی سەربازیی و پێگەی خۆی لە چوارچێوەی قەوارەی دەوڵەتی سوریادا.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بە " هەسەدە " ناسراوە، پابەندبوونی هێزەکانی بە ڕێککەوتنی 10ی ئازار پشتڕاستکردەوە کە لەگەڵ حکومەتی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا واژۆ کراوە.
عەبدی ئاماژەی بەوەدا کە "تێگەیشتنێکی تیۆری" هەیە سەبارەت بە میکانیزمی یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە وەزارەتی بەرگری سوریا ، لەڕێگەی پێکهاتەی تایبەتەوە کە سێ فیرقەی سەربازی و دوو لیوا لەخۆدەگرێت.
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆتایی ساڵی 2025 بە مانای کۆتایی هاتنی ڕۆڵی هێزەکانی سوپای سوریا نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی "دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ و هەڵدانی هێزەکانی" دەکات لەگەڵ چوونە ناو ساڵی 2026.
