Apora Logo

ڕوانگەی ئیکۆ: ساڵی 2025 عێراق یەک ملیار و نیو بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە

ڕوانگەی ئیکۆ: ساڵی 2025 عێراق یەک ملیار و نیو بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە

ئاپۆرا نیوز- بەشی ئابوورى

27/12/2025

ڕوانگەی ئیکۆ ڕایگەیاند، کە کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ساڵی 2025 گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیار و نیو بەرمیل، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان بە ڕێژەی 3.8% بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.


ڕوانگەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، لە ماوەی ئەمساڵدا نزیکەی 1,470,321,000 بەرمیل لە زەوی لە عێراق دەرهێنراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە مانگەکانی کۆتایی ساڵی 2025 بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنان بووە لە ئەنجامی بڕیارەکەی ئۆپێک بۆ زیادکردنی پشکی وڵاتەکەی.


ڕوونیشیکردەوە، "لە چارەکی یەکەمدا (سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ) بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 356.130 هەزار بەرمیل، لە چارەکی دووەمدا 363.545 هەزار بەرمیل، لە چارەکی سێیەمیشدا 373 هەزار و 888 هەزار بەرمیل، هاوکات لە چارەکی چوارەمدا (سێ مانگی کۆتایی) گەیشتووەتە 376 هەزار و 758 هەزار بەرمیل".


ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە ساڵی 2025دا 4.03 ملیۆن بەرمیل بووە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2024دا 4.19 ملیۆن بەرمیل بووە، هەروەها کەمبووەتەوە لە 4.28 ملیۆن بەرمیل لە ساڵی 2023دا".


جەختیشی لەوە کردەوە کە پشتبەستنی زۆری عێراق بە نەوت وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات، مەترسی دارایی جددی بۆ وڵاتەکەی لێدەکەوێتەوە ئەگەر نرخەکانی بەردەوام بن لە دابەزین، داوای هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و گرتنەبەری ستراتیژی ئابووری بەردەوام بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر قەیرانێکی داهاتوو.


;