شیکاری: ڕۆژهەڵاتی فورات لە نێوان شەرعیەتی نوێ و گۆڕانی هاوسەنگی هێز
سەرەتا...
ئەوەی ئەمڕۆ لە سوریا دەگوزەرێت، دەرئەنجامی دانوستانە سیاسییە کتوپڕەکان نییە، یەکلاییکردنەوەی شەڕێکیش نیە کە لایەنە شەڕکەرەکانی ماندوو کردبێت.
ئەو ڕێککەوتنەی ئەم دواییە کە خەریکە ڕوخساری سوریا دەگۆڕێت، ڕێککەوتنی "ئاگربەست" نییە، بەڵکو دامەزراندنی قۆناغێکی نوێیە کە تیایدا چەمکی دەوڵەت و هاوسەنگی کاریگەریی سەرلەنوێ پێناسە دەکرێتەوە.
بۆ یەکەمجار لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا، واقیعەکانی سەر زەوی پێش قسەکردن دەگرن و پەردە لەسەر یەکێک لە درێژخایەنترین داگیرکەری ناوچەیی هەڵدەگیرێت کە جوگرافیا و سەروەری سوریای قۆرخ کردووە:
داگیرکەری تورکی.
ناوەڕۆک:
ڕێککەوتنی ئێستا لە گۆڕەپانێکی مێژووییدا وەستاوە. لە ساڵی ٢٠١٤ەوە پرۆسەی دووبارە داڕشتنەوە لەناو جوگرافیای سوریادا بەردەوامە، لەگەڵ هاتنە ناوەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٥دا چەسپاوە و لە دوای ساڵی ٢٠١٩ گەیشتە لوتکە لەگەڵ دابەزینی توانای تورکیا بۆ سەپاندنی مەرجەکانی لەسەر زەوی.
لە دوای ساڵی ٢٠٢٣، تێچووی پاراستنی دۆخی ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زیاتر بوو لە تێچووی گۆڕینی، بەم شێوەیە دەستیپێکرد بە ڕێستارتکردنەوەی تەواوەتی دیمەنی سیاسی و ئەمنی و ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.
لە بنەڕەتدا ئەم ڕێککەوتنە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەرگا بەڕووی هەر دەستێوەردانێکی نوێی سەربازی تورکیا لە سوریا دادەخات. ئەو بیانووەی کە ئەنقەرە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە پشتی پێبەستووە- ئەوەی ناوی دەنێت "ئاسایشی نەتەوەیی"- لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە دوای پێناسەکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی سوریا وەک ناوچەیەکی ئەمنیی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی، بەرەو داڕمان دەڕوات.
لەگەڵ بوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هاوبەشی فەرمی لە سیستەمی بەرگریدا، بوونی تورکیا لەسەر خاکی سوریا دەبێتە داگیرکارییەکی ئاشکرا، کە هیچ بەرگ و پاساوێکی تێدا نییە.
ئەم گۆڕانکارییە شەرعیەتێکی تۆکمە بە هەسەدە دەبەخشێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزانەی کە ئەنقەرە پشتگیریان دەکات، کە ئێستا وەک قەوارەی تیرۆریستی لە لیستە نێودەوڵەتییەکاندا دەستنیشانکراون، نەک وەک ئەکتەرە ناوخۆییەکان.
هەروەها هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەتوانێت بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەبێ ئەوەی پێویستی بە داڕشتنەوەی نوێ هەبێت سەبارەت بە "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"، چونکە پرسەکە لە کایەی پاساوی سیاسییەوە ڕۆیشتووە بۆ واقیعێکی یاسایی ڕوون.
ئەوەی ڕێککەوتنەکە هێندەی تر گرنگتر دەکات ئەوەیە کە هەسەدە سنووردار ناکات، بەڵکو سەربەخۆیی خۆی فراوانتر دەکات. پاشەکشە لە کۆنترۆڵی خاک و کشانەوەی زۆرەملێ نابێت؛ لە ڕاستیدا تەواو پێچەوانەکەیە. مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە هاتنە ناوەوەی هەر هێزێکی حکومەت بۆ ڕۆژهەڵاتی سوریا قەدەغە دەکات، بەمەش سەروەری بە پشتبەستن بە کۆنترۆڵی سەر زەوی دادەمەزرێت نەک ڕێکارە ئیداریەکان.
بە واتایەکی تر تەنها ئیمزاکە دەدرێت بە حکومەتی ناوەندی؛ حوکمڕانی ڕاستەقینە لە دەستی ئەو هێزەدا دەمێنێتەوە کە خاکەکەی کۆنترۆڵ کردووە.
لە ڕووی ئابوورییەوە ڕێککەوتنەکە سیستەمێکی دیفاکتۆی سەروەری دادەمەزرێنێت. فایلی سامانی نەوت و گاز لە بەرژەوەندیی هەسەدە یەکلایی دەکرێتەوە، لە کاتێکدا پەیوەندییەکی ڕەمزی بە حکومەتی ناوەندەوە ماوەتەوە، کە ئیدارەی خاکەکە بە ڕووپۆشێکی نێودەوڵەتی جێگیر دەڕەخسێنێت.
ئەزموونەکان دەریانخستووە کە هەرکەسێک بەرهەمهێنان بەڕێوەببات و ئاسایش دابین بکات و دابەشکردن کۆنترۆڵ بکات، بڕیاردەری ڕاستەقینەیە و ئەمەش ئەوەیە کە ڕێکەوتنەکە بۆ یەکەمجار بە فەرمی ئاماژەی پێکردووە.
لە ڕووی جوگرافییەوە، کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ عێراق و تورکیا، هاوشانی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ، واقیعێکی نوێ پتەوتر دەکات، ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکاتە فەزای سەروەری داخراو، لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمنی، بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە کراوە، بە مەرجی خۆی کار دەکات. ئەمە تەنیا ئیدارەیەکی ناوخۆیی سنووردار نییە، بەڵکو بەرهەمهێنانەوەی خودی چەمکی سنوورە سیاسییەکانی دەوڵەتە.
لەبەرامبەردا ئەحمەد ئەلشەرع شەرعیەتێکی سیاسی بەدەست دەهێنێت کە وای لێدەکات لە چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتی درێژخایەندا ڕێککەوتننامەی ئاسایشی ناوچەکە، لەنێویاندا لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ بکات. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدوای ئەکتەرە ناڕوونەکاندا ناگەڕێت، بەڵکو بەدوای دەسەڵاتێکدا دەگەڕێت کە توانای دامەزراندنی ڕێکخستنی بەردەوامی هەبێت.
بەم شێوەیە هاوکێشەکە هاوسەنگ دەبێت:
دەسەڵاتی ناوەندی شەرعیەتی نوێنەرایەتی پێدەدرێت، لە کاتێکدا ئامرازەکانی دەسەڵات لە دەستی هەسەدە و هاوپەیمانەکانیدا دەمێننەوە.
دەرئەنجامی کۆتایی لە حیساباتی سیاسەتی ڕۆژانە تێدەپەڕێت.
ڕێککەوتنەکە نە ئاگربەستە و نە سازان، بەڵکو دامەزراندنی پێکهاتەیەکی نوێیە کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ شەڕێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر، کە لە ڕێگەی میکانیزمی شەرعیەت و نەخشە و ڕێککەوتنەوە بەڕێوەدەچێت، نەک لە ڕێگەی هەست و سۆز و سەرگەرمی بێباکانەوە.
سەرەتای ڕاستەقینەی پڕۆسەی وەرگرتنەوەی ئەو ناوچانەیە کە تورکیا لە ساڵی 2016 و 2018ەوە داگیری کردووە، لە سەرێکانی و گرێ سپی یەوە تا عەفرین، نەک لە ڕێگەی شەڕی ڕاستەوخۆ، بەڵکو بە زەوتکردنی بەرگی سیاسی ئەنقەرە و گۆشەگیرکردنی.
ئەنجام:
ئەو گۆڕانکارییەی کە ڕوودەدات بە هەستی سەرکەوتن یان شکست ناپێورێت، بەڵکو بە پێناسەکردنەوەی قووڵی خودی دەوڵەت. ڕۆڵێک بە کورد نادرێت؛ ئەوان دەیسەپێنن و هاوپەیمانییەکە لە ڕۆژهەڵاتی سوریا لە قۆناغێکی ئینتقالییەوە دەگۆڕێت بۆ پێکهاتەیەکی هەمیشەیی لەناو هاوکێشە ناوچەییەکەدا. سەبارەت بە تورکیا، دۆڕانەکەی لە بەرەکانی شەڕدا نەبوو، بەڵکو لە فراوانبوونی بۆشایی نێوان ئەو نفوزەی کە هەوڵی درێژکردنەوەی دەدا و واقیعێکی نێودەوڵەتی کە بڕیاری دوورخستنەوەی دابوو.
ئەم قۆناغە کۆتایی ململانێیەک نییە، بەڵکو سەرەتای سەردەمێکی نوێیە کە نەخشەکە لە ڕێگەی عەقڵەوە دەکێشرێتەوە نەک چەک.
