خێزانێکی دانیشتووی هەولێر لە رێگەی چوون بۆ عومرە، لە سنووری ئەنبار تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون و کەسێکیان گیانی لەدەستداوە.
ئۆتۆمبێلەکە 7 کەسی تێدا بووە و 6 کەسیان ئەندامی یەک خێزانن. لە رووداوەکەدا ژنێک گیانی لەدەستداوە و ئەوانی دیکەش بریندارن. ئەو ژنەی گیانی لەدەستداوە ناوی خەولا خەلیل عوسمانە.
لەم بارەیەوە کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرە ڕایگەیاند، "سەرەتا رێگری هەبوو لە رادەستکردنەوەی تەرمەکە، بەڵام دواتر پەیوەندیمان بە نەخۆشخانەوە کرد و کێشەکە چارەسەرکرا و بڕیارە هەر ئەمشەو تەرمەکە بگاتەوە هەولێر".
باسی لەوەش کرد، تەندروستیی بریندارەکان جێگیرە. بەگوتەی ستوونی، خێزانەکە خەڵکی پردێ و دانیشتووی هەولێرن.
کاروان ستوونی ئاماژەی بەوە کرد، ئۆتۆمبێلی ئەو خێزانە لەنزیک ناوچەی نوخێب خۆی بە ترێلەیەکدا کێشاوە.
