Apora Logo

ڕاپۆرتێکی ئەمریکی: گەندەڵی و هەلی کار و نەوت، داهاتووی دارایی عێراق گەمارۆ دەدەن

ڕاپۆرتێکی ئەمریکی: گەندەڵی و هەلی کار و نەوت، داهاتووی دارایی عێراق گەمارۆ دەدەن

ئاپۆڕانیوز - بەشی ڕاپۆرت

26/12/2025

ڕاپۆرتێکی شیکاری کە لەلایەن پەیمانگای ڕاپۆرتی واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکراوەتەوە، وێنەیەکی حکومەتی داهاتووی عێراق لە چوارچێوەی هاوکێشەیەکی ئاڵۆزدا دەکێشێت. سێ توخمە بنەڕەتییەکەی بریتین لە:


-گەندەڵییەکی قووڵی چەسپاو کە بووەتە نۆرم


- کەرتی گشتی ئاوساو، بە نزیکەی 700 هەزار هەلی کار کە تەنها لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا دروست بووە.


- ئابوورییەکی وابەستە بە نرخی نەوت کە دەبێت لە 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نزیک بێتەوە بۆ ئەوەی بودجە دوور بکەوێتەوە لە کورتهێنانێک کە ساڵ لە دوای ساڵ گەشە دەکات.


ڕاپۆرتەکە دەڵێت، ئەم هۆکارانە ئەگەری شکاندنی بازنەی هەر حکومەتێکی نوێ بە توندی سنووردار دەکەن، بە مەرجێک لە هەمان ئەو لایەنانە سەرهەڵبدات کە لەسەر ئەم واقیعە دروستیانکردووە و بەردەوامن لە گەشەکردن.


پەیمانگاکە پێی وایە، گەندەڵی لە عێراق چیتر ڕووداوێکی گۆشەگیر یان لادانێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو "نەخشێکی" قووڵی چەسپاوە کە بیرۆکراسی کارەکانی حکومەت لە سەرەوە بۆ خوارەوە بەڕێوەدەبات. هاوڵاتییەک کە داواکاری یان مامەڵەی فەرمی هەبێت، زۆرجار خۆی بە ناچاری دەبینێتەوە کە بەناو پارتێک یان قەوارەیەکی سیاسیدا تێپەڕێت کە نوێنەرایەتیان دەکات بە درێژایی هێڵە تائیفی یان قەومییەکان، لەگەڵ نامە و فەزڵ و "دیاری" و بەرتیل کە دەدرێت بە کەسایەتییە کاریگەرەکان.


ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لایەنە باڵادەستەکان وەک "موڵکی تایبەت" مامەڵە لەگەڵ وەزارەت و دەزگاکان دەکەن، نەک دامەزراوەی خزمەتگوزاری گشتی، بەکاریان دەهێنن یان بۆ سپیکردنەوەی پارە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، یان بۆ دابەشکردنی هەلی کار و گرێبەست بەسەر تۆڕەکانی تایبەت بە خۆیان و لایەنگران و لقەکانیان.


بە گوتەی پرۆفیسۆر ئەلیسا واڵتەر، نووسەری کتێبی "شارە کێبڕکێکارەکە: پیرۆزکردنی هاووڵاتیبوون و مانەوە لە بەغدای مۆدێرن"، کە ڕاپۆرتەکە لەسەری بنیات نراوە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و پێکهاتەی حکومەتی داهاتوو "گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە دۆخی گەندەڵیدا ناهێنێتە ئاراوە"، چونکە ئەو هێزانەی ئەمڕۆ دەسەڵاتی هاوبەشیان هەیە، هەمان ئەو هێزانەن کە لە دوای 2003 یاساکانی یارییەکەیان دامەزراندووە و بەرژەوەندییەکی تایبەتییان هەیە لە پاراستنیان وەک ئەوەی ئێستا هەیە، لەگەڵ تەنها ڕێکخستنیێکی جوانکاری بچووک لەکاتی پێویستدا. ئاماژەی بەوەشکردووە، سیستەمی پشکەکان هەر وەزیرێک یان بەرپرسێکی باڵا دەکاتە "کۆت و بەندی" لەلایەن تۆڕێکی حزبی فراوانترەوە کە سنووری ئەو شتانە دیاری دەکات کە دەتوانرێت دەستی لێبدرێت و ناتوانرێت لەناو وەزارەتەکەیاندا دەستی لێبدرێت.


هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە ئەزموونی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری 2019 دەکاتەوە وەک ڕوونترین سات کە شەقام دروشمی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەرزکردەوە و ڕاستەوخۆی بەستییەوە بە خراپی خزمەتگوزارییەکان و نەبوونی دادپەروەری لە دابەشکردنی دەرفەتەکاندا. بەڵام دەرئەنجامی ئەو ناڕەزایەتیانە، لە ڕوانگەی پەیمانگاکەوە، دەریخست کە سیستەمی سیاسی توانی ئەو شۆکە هەڵبمژێت بەبێ ئەوەی پێداچوونەوەی قووڵ بە شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بکات، تەنها بۆ ئەوەی دواتر بگەڕێتەوە و حکومەتی نوێ بەپێی نزیکەی هەمان میکانیزمەکان بەرهەمبهێنێت، لەگەڵ گۆڕانکاری لە ڕووخسارەکاندا بەڵام لە یاساکانی یارییەکەدا نەبوو.


لەبەرامبەردا ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵگەی عێراق ڕاهاتووە بەم شێوازە لە ئەدای کارکردن. زۆرێک لە عێراقییەکان، بوونی بەرپرسان و خزمەتگوزارییە گشتییە سنووردارەکان بە وەرزەکانی هەڵبژاردنەوە دەبەستنەوە، کاتێک چاکسازیی خۆجێیی یان نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە شەقام و گۆڕەپانە گشتییەکان ئەنجام دەدرێت، تەنیا بۆ ئەوەی چالاکییەکە دوای کۆتاییهاتنی دەنگدانەکە نەمێنێت.


ڕاپۆرتەکە محەمەد شیاع سودانی وەک نموونە هێناوەتەوە کە پشتیوانییەکی بەرچاوی بۆ "پاکێجێکی چاکسازی بێگەرد" لە بەغدا وەرگرتووە، کە پێکهاتبوو لە باشترکردنی ژێرخانی ناوخۆیی. ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە ئەم پشتیوانییە ڕەنگدانەوەی دابەزینی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتیانە لە حکومەتەکەیان بۆ ئاستێک کە تەنانەت چاکسازییەکی کەمیش بە دەستکەوتێکی ناوازە دادەنرێت.


لە ئاستی پێکهاتەی داراییدا، ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو جەنجاڵییە بەرفراوانەی دامەزراندنی کەرتی گشتی لە ساڵانی ڕابردوودا، کە بەپێی خەمڵاندنەکان نزیکەی 700 هەزار کارمەندی نوێی بۆ کەرتی حکومی لە ماوەی سەرۆکایەتی سودانی زیادیکردووە، ئەم زیادبوونە کۆی ژمارەی کارمەندانی کەرتی گشتی بەرزکردەوە بۆ نزیکەی 4 ملیۆن کەس، ئەمە جگە لەو سەدان هەزار کەسەی کە لە کۆمپانیا دەوڵەتییەکان کاردەکەن کە لەلایەن بودجەوە پارەیان بۆ دابینکراوە. پەیمانگاکە باس لەوە دەکات کە ئەم فراوانکردنە کە وەک ئامرازێک بۆ هەڵمژینی توڕەیی گشتی و کەمکردنەوەی بێکاری بەکارهێنرا، ئێستا بووەتە بارگرانییەکی دارایی قورس لەسەر هەر حکومەتێکی داهاتوو، چونکە پێچەوانەکردنەوەی بە کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەران بە مانای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ بنکەیەکی کۆمەڵایەتی فراوان کە بە تەواوی پشت بە مووچەی دەوڵەت دەبەستێت.


ئەو شیکارییە ئابوورییەی کە هاوڕێی ڕاپۆرتەکە بووە، ئاماژە بەوە دەکات کە سیاسەتی "دۆخی دامەزراندنی کەرتی گشتی وایکردووە کە مووچە ببێتە یەکێک لە بوارەکانی هەڵاوسانی خەرجییەکانی حکومەت، کە بەپێی هەندێک خەمڵاندن لە سەدا 40ی کۆی خەرجییەکانی حکومەت نزیک بووەتەوە. لەم نێوەندەدا بودجەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابووری بە بەراورد بە پێداویستییە کەڵەکەبووەکانی پایتەخت و پارێزگاکان سنووردار دەمێنێتەوە.


ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا دەڵێت، بەم پێکهاتەیە، دەوڵەت ڕێبازی "سەرەتا مووچە بدە، پاشان بیر لە هەموو شتێکی تر بکەرەوە" گرتۆتەبەر، ئەوەش مانای ئەوەیە لەگەڵ هەر دابەزینێک لە نرخی نەوت کێشەی کورتهێنان سەرهەڵدەداتەوە.


ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە "نرخی یەکسان" کە بودجەی عێراق پێویستییەتی بۆ داپۆشینی پابەندییەکانی بەبێ پەنابردن بۆ قەرزکردن، لە ئێستادا لە 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نزیک دەبێتەوە، ئەمەش بەهۆی هەڵئاوسانی پڕۆژە یاسای مووچە و یارمەتییەکان و زیادبوونی خەرجییەکانی ئێستا، لەگەڵ سنوورداربوونی داهاتی نانەوتی. بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوتی جیهانیی ناجێگیری نرخ و ئەگەری دابەزینی زیاتر.


ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات درێژەکێشان نزمبوونەوەی نرخی نەوت، ڕاستەوحۆ بودجە بەرەو کورتهێنانی قووڵتر پاڵدەنێت، لە غیابی چاکسازیی بنەڕەتی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت وەک نزیکەی تاکە سەرچاوەی دارایی دەوڵەت.


سەرەڕای ئەم وێنە تاریکە، پەیمانگای "واشنتۆن ڕیپۆرت"، ڕاپۆرتەکە بە گێڕانەوەی توێژەرانی دەستپێشخەرییە ئەکادیمییەکان کە تیشکیان خستۆتە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێن عێراق هێشتا سوودێکی بەرچاوی لە ناوچەکەدا هێشتۆتەوە، ئەویش بەردەوامبوونی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات، کە بەشێکی لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنەکانە، بە پێچەوانەی زۆرێک لە دەوڵەتانی دیکەی عەرەبی کە لە سیستەمی حوکمڕانی داخراودا گیریان خواردووە. بەڵام ئەم توێژەران هۆشداری دەدەن لەوەی کە ئەم سوودە وردە وردە دەتوانێت بەهای خۆی لەدەست بدات ئەگەر هەڵبژاردنەکان بەردەوام بن لە بەرهەمهێنانەوەی هەمان سیستەم بەبێ گۆڕانکاری لە ڕێساکانی بەڕێوەبردنی دارایی سیاسی و چاودێریکردنی سامانی گشتی و میکانیزمەکانی هەڵبژاردنی حکومەتەکان.


ڕاپۆرتەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە کە حکومەتی داهاتووی عێراق ڕووبەڕووی بارگرانییەکی سێ هێندە دەبێتەوە ئەویش:-


-گەندەڵی چەسپاو کە سەرچاوەیەکی زۆر بۆ لایەنەکان دابین دەکات و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی قورس دەکات.

-کەرتێکی گشتی ئاوساو، کە پشکی شێری بودجە بەکاردەهێنێت و ڕێگری لە هەر هەوڵێکی داڕشتنەوە دەکات.

-پشتبەستنی نزیکەی تەواو بە نرخی نەوت لە بازاڕێکی جیهانی پێشبینینەکراودا.


لە نێوان ئەم سێ پایەیەدا توانای کارکردنی حکومەتی نوێ بەندە بە ئیرادەی هێزە سیاسییەکان بۆ قبوڵکردنی بڕیارە ناپەسەندەکان، وەک کۆنترۆڵکردنی دامەزراندن و سنووردارکردنی بەفیڕۆدان، لە بەرامبەر دروستکردنی ڕێگایەکی جیاواز بەرەو بنیاتنانی دەوڵەتێکی خزمەتگوزاری ئاراستەکراو لەگەڵ دامەزراوە کاراکان، نەک تەنها دەوڵەتێک کە سەرنجی لەسەر مووچە بێت.


ئەو پرسیارەی کە ڕاپۆرتەکە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە ئەوەیە کە ئایا ئەو هێزانەی ساڵانێکە سوودمەند بوون لەم مۆدێلە دارایی-سیاسییە، لە ڕاستیدا توانای هەڵوەشاندنەوەییان هەیە، یان حکومەتەکانی داهاتوو بە سادەیی ئیدارەی قەیرانەکە دەکەن و تەقینەوەکە دوادەخەن و چاوەڕێی سووڕێکی نوێی نەوت دەکەن، یان ناڕەزایەتییەکی نوێ، کە هەمان پرسیارەکان لە سفرەوە دەوروژێنن.





;