شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە و زیانێکی زۆری لێدەکەوێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە قەیرانێکی مرۆیی سەخت خەریکە نەخۆشخانە و هاووڵاتیانی کەرتەکە وێران دەکات.
وەزارەتی تەندرووستی غەززە بڵاویکردەوە، لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە ژمارەی کوژراوان بۆ 70 هەزار و 942 کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 171 هەزار و 195 کەس.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، زیاتر لە 70%ی پێداویستییە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەکان بەهۆی وەستانی گەیاندنی هاوکارییەکان کەمبوونەتەوە، هاوکات ژمارەی منداڵە بریندارەکان چوار هەزار و 500 منداڵی تێپەڕاندووە.
لە پێشهاتێکی دیکەدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێلیکۆپتەرە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆردومانی شاری ڕەفەحیان لە باشووری کەرتی غەززە کردووە، هاوکات هێزەکانی ئیسرائیل باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونیان لە ڕۆژهەڵاتی گەڕەکی ئەلتوفا لە شاری غەززە تەقاندووەتەوە، بەپێی میدیا فەلەستینییەکان.
لای خۆیەوە ئەمجەد ئەلشاوا، بەڕێوەبەری "تۆڕی ڕێکخراوە ناحکومییەکان" لە غەززە ڕایگەیاند، کەرتەکە پێویستی بە زیاتر لە 300 هەزار خێمە هەیە بۆ داڵدەدانی ئاوارەکان، لە کاتێکدا تەنها 60 هەزار خێمە بە کردەوە هاتوونەتە ناو غەززە، ئەمەش دۆخی مرۆیی بۆ سەدان هەزار هاوڵاتی مەدەنی خراپتر دەکات.
